دابەشكردنی مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان ڕاگەیەنرا

:: AM:08:56:22/08/2019 ‌
ئەو بڕە پارەیەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستانی دەنێرێت بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دەگات بە هەرێمی كوردستان و هەفتەی داهاتوو مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان دابەش دەكرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 22ـی ئاب، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" ئێوارەی دوێنێ‌ فوئاد حوسێن جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابووری واژووی لەسەر ناردرنی بڕە پارە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كردووە.

لە زانیارییەكان هاتووە، ئەمڕۆ پێنجشەم پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان كە بڕەكەی ٤٥٤ ملیار دینارە لە بەغداوە ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكرێت.

باس لەوەش كراوە كە هەفتەی داهاتوو بەخێرایی مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان دابەش دەكرێت و كۆتایی بە دابەشكردنی مووچەی مانگی ئایار دێت.

بەپێی ڕێككەوتنی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق لە ناوەڕاستی هەر مانگێك عێراق بڕی 452 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دەنێرێت و بە داهاتی ناوخۆیی و پارەی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە و فرۆشتنی نەوت مووچەی فەرمانبەران دەدرێت.

لە سەرەتای ئەمساڵ پاشەكەوتی مووچە لەسەر فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەڵگیراوە و پێدانی مووچە ئاسایی بووەتەوە. لە پێنجی سەرەتای هەر مانگێك لە هەرێمی كوردستان مووچە دابەش دەكرێت.



وشە - رامیار جەواد