ئۆباما و میشێل یەكەم فیلمی سینەماییان بەرهەمهێنا

:: PM:03:41:22/08/2019 ‌
باراك ئۆباما لەگەڵ میشێل ئۆبامای هاوسەری، ئامادەكاری دەكەن بۆ دەركردنی یەكەم فیلمی سینەمایی هاوبەش بەناوی ئەمەریكان فاكتۆری. بەپێی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەكانیش بێت ئەوا فیلمەكە سەركەوتنێكی گەورەی بە دەستهێناوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 22ی ئاب، باراك ئۆباما سەرۆكی پێشتری ئەمەریكا لەگەڵ میشێلی هاوسەری بۆ یەكەمجار لە هۆلیوود دەركەوتن بۆ بەشداریكردن لە فیلمێكی دیكۆمێنتاری كە پێشتر وێنە و گرتەی فیلمەكە لە ناوچەی پیشەسازی ئۆیاهۆ گیراوە، رەخنەگرانیش دەڵێن، فیلمێكی كاریگەرە.

فیلمەكە بە ناوی كارگەی ئەمەریكی (ئەمەریكان فاكتۆری)یە، چیرۆكەكە لەلایەن كۆمپانیایەكی چیی لەسەر كارگەیەكی پیشەسازی جەنەڕاڵ مۆترزی ئەمەریكی نووسراوە، كە دەستپێكی كاری بەرهەمهێنانی هاوبەش بووە لەنێوان نتفلێكس و كۆمپانیای هایر گراواند كە ساڵی رابردوو باراك ئۆباما و میشێل بەیەكەوە دایانمەزراندووە.

ئۆباما لە تویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر دەڵێ، چیرۆكەكە باشە و دەرفەتی ئەوەت پێ دەدات لە ژیانی كەسێكی تر بە باشی تێ بگەی، ئەمەش بەرهەمی من و میشێلە بۆ بەرهەمهێنانی یەكەم فیلم.
 زیاتر گوتی "دەمانەوێت خەڵك بەرژەوەندییەكانی خۆی تێپەڕێنێت و لە ژیانی كەسانی تریش بە ئاگا بێت و تێ بگات".
چیرۆكی فیلمەكە دەكرێت پێوەندار بێت بە ژیانی هەزاران كرێكا ركە بەهۆی تەنگژە داراییەكەی ساڵی 2008 لە پیشەسازی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل كاریان دەكرد و دوورخرانەوە.

رۆژنامەوی واشنتن پۆست لەسەر فیلمەكە دەڵێ، هۆكارێكی باشە كە بتوانی تیشك بخەیتە سەر چیرۆكی كۆمەڵێكی پەراوێز خراوو.
  
هاوكات میشێل لە بارەی فیلمەكە دەڵێ، بە دیمەنی سەرەتای فیلمەكە كاریگەر بووم كە كرێكارەكان لەسەر زەوی كارگەكە دانیشتوون، گوتی "باوكی منیش وەها بوو".
زیاتر گوتی "ئەوەی كە زۆر جوانە لە فیلمەكەدا ئەوەیە، رێگە بە خەڵك بدەی خۆیان چیرۆكەكانی خۆیان بنووسنەوە، هیچ كەسێك ئاراستەیان نەكات". 
 
هاوكات رۆژنامەی لۆس ئەنجلۆس تایمز دەڵێ، فیلمەكە كاریگەرە، ماڵپەری فۆكس دۆت كۆم كە ماڵپەڕێكی رۆشنبیرییە، دەنووسێ، فیلمەكە سەرەتایەكی باشە لە باسكردنی ئالنگاری بە جیهانی بوون.

بەپێی هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەكان بێت، ئەوا فیلمەكە لە هەڵسەنگاندا 97%ی پێدراوە كە ماڵپەڕی رۆتن تۆمیتوز بۆ هەڵسەنگاندنی فیلم دایناوە و خەڵكی رای خۆیانیان لەسەر نووسیوە.


وشە - فه‌رمان سادق