تێزێكی دكتۆرا له‌سه‌ر ئاسایشی ئاوی عێراق و هه‌رێم به‌پله‌ی نایاب په‌سه‌ند كرا

:: PM:04:01:23/08/2019 ‌
تێزێكی دكتۆرا له‌سه‌ر ئاسایشی ئاوی عێراق و كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئاوی هه‌رێم و ناوچه‌، كه‌له‌ لایه‌ن قوتابى یاسین مسته‌فا عارفه‌وه‌ ئاماده‌كرابوو، به‌پله‌ی نایاب په‌سه‌ند كرا.

ڕۆژی سێشه‌م 19ی ئاب، لە هۆڵی گشتی هۆتێل ڕۆتانا بەئامادەبوونی ژمارەیەكی زۆر مامۆستای زانكۆ و پسپۆرە جیاوازەكان و بەرپرسانی حكوومی و ناحكوومی، گفتوگۆی تێزی دكتۆرای قوتابى (یاسین مستەفا عارف) لە زانكۆی لاهای لە شاهانەی هۆڵەندی، بە ناونیشانی (ئاسایشی ئاویی عێراق و كاریگەری له سه‌رئاوی هەرێم و ناوچەکە) ئەنجامدرا و پاش گفتوگۆیەكی زانستیانە تێزەكە بە پلەی نایاب پەسەند كرا.

دكتۆر یاسین مستەفا عارف، قوتابى دكتۆرا و خاوه‌نی تێزه‌كه‌ پێیوایە یەكێك لە بوارە گرنگ و هەستیارەكان بریتییە لە بەدیهێنانی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگەی دابینكردنی ئاسایشی ئاو، هەروەها بەشێكی زۆر لە زاناو توێژەرەكانی بواری ئاو، سەدەی 21 بە سەردەمی دروستبوونی گرژی و زیادبوونی ناكۆكیەكان دەبینن لە جیهان.

ئەو توێژەرەی ئاسایشی ئاوه‌ ئاماژە بەوەدەكات توركیا و ئێران لە قۆناغی داهاتوو ئاو وەك چەكێك بەكاردەهێنن دژی وڵاتانی دراوسێ، بۆیە هەڵكەوتەی هەرێمی كوردستان لەڕووی جوگرافی و لەڕووی ڕامیاریەوە پێشبینیكراوە بۆ ڕوبەڕووبونەوەی قەیرانی ئاو، بۆیە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە ئەم بوارە بە هەند وەربگرێت لە ڕێگەی دابینكردنی بوودجەی پێویست و هاوكات دانانی ستراتیژێكی دوور مەودا.

ئەندامانی لیژنەی گفتوگۆ  لەم ناوانەی خواره‌وه‌ پێكهاتبوو:

1. دكتۆر حەمید ڕەزاق نیعمە - سەرۆكی لیژنە.

2. مامۆستاى یاریدەدەر عەلئەدین ئەحمەد حسێن - ئەندام.

3. مامۆستاى یاریدەدەر رەعد غائیب عەبدولوەهاب - ئەندام.

4. پڕۆفیسۆر دكتۆر سەفا خەلیل ئەلنعیمی - ئەندام و سەرپەرشتیار.


وشە - محەمەد میران