هەوڵ هەیە بۆ تێكدانی جەژنی زەردەشتییەكان

:: AM:09:27:24/08/2019 ‌
بەڕێوەبەری كاروباری زەردەشتییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی ئاشكرای دەكات، هەوڵ هەیە بۆ تێكدانی بۆنە و یادی زەردەشتییەكان و بازرگانیكردن پێیەوە.

ئەمڕۆ شەموو 24ـی ئاب، ئاوات حیسامەدین بەڕێوەبەری كاروباری زەردەشتییەكان لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هەوڵ هەیە بۆ تێكدانی بۆنە ئاینییەكانی زەردەشتییەكان لەلایەن چەند كەسێكەوە بەمەبەستی بازرگانیكردن پێیەوە.

نوێنەری زەردەشتییەكان گوتی، یەك زەردەشتی و یەك بیروباوەڕی زەردەشتی هەیەو یەك ئاینی زەردەشتی هەیە، مەزەوی تێدا نییە و ئەوكەسەی كە بانگەشە بۆ بەناوی ئەوەی جەژنی پەیمان دەكات، تەنیا مەبەستی چەواشەكردنە بۆ بەرژەوەندی مادی خۆی و ئەمە كارێكە دژی پیرۆزییەكان و بۆنەكانی ڕەسەنی زەردەشتی، بەپێچەوانەی پرەنسیپەكانی ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنییە.

ڕوونی كردەوە، پێویستە فەرمانگەی ڕێكخراوە ناحكوومییەكان لە هەرێمی كوردستان بێنە سەرخەت لەسەر ئەم پێشێلكردنە و شێواندنی مەرجەكانی كاری رێكخراوەیی كۆمەڵگەی مەدەنی و مۆڵەتی رێكخراوەكەی لێ بستێننەوە، چونكە هەوڵدانە بۆ شێواندنی بۆنەكانی مێژوویی ئاینی زەردەشتی كارێكی ناڕێكخراوەییە.

زەردەشتییەكان یەكێكە لەو حەوت ئاینەی لە هەرێمی كوردستان بەفەرمی تۆمار كراون و سەرقاڵی ئاینی خۆیانن و بە گوتەی خۆیان ئێستە ژمارەیان 20 هەزار زەردەشتییە.



وشە - رامیار جەواد