ترەمپ باجی سەر كاڵاكانی چینی بۆ 30% بەرز كردەوە

:: AM:10:02:24/08/2019 ‌

دوای ئەوەی چین  هەڵویستی وەرگرت و باجی خستەسەر كاڵاكانی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكاش بڕیاری دا باجی سەر كالاكانی چین بۆ 30% بەرز بكاتەوە.

پێشتر رێژەی ئەو باجەی ئەمەریكا بەسەر چینیدا سەپاندبوو، بە چەند قۆناغێكی جیاواز بەرز كرابووەوە، ئەو لە تویتێكدا نووسیویەتی لە تشرینی یەكەمی ئەمساڵەوە رێژەی باجی سەر ئەو 250 ملیار دۆلار كاڵایەی ساڵانە لە چینەوە بۆ ئەمەریكا دەنێردرێت، 25%ەوە بۆ 30% بەرز دەكرێتەوە.

هەروەها گوتوویەتی رێژەی باجی ئەو 300 ملیار دۆلارە لە كاڵای تر كە بۆ ئەمەریكا دەنێردرێت  بۆ 15% بەرز دەكرێتەوە. ئەم جۆرە كاڵایانە زیاتر پێداویستی رۆژانەی خەڵكن و لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە بەسەر چیندا دەسەپێنرێت.

گرژبوونەوەی پێوەندییە ئابوورییەكانی نیوان ئەمەریكا و چین كاریگەری خراپی خستووەتە سەر بازاڕەكانی دنیا، بەشێوەیەك پێنوێنی بازاڕی دا وجونزی ئەمەریكا 700 پلە دابەزی كە بە رێژە دەكاتە 2.27% .

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" دۆناڵد ترەمپ داوای لە كۆمپانیاكانی ئەمەریكا كرد بگەڕێنەوە ئەمەریكا و هەر لە ئەمەریكا شتومەك بەرهەم بهێنن نەك لە وڵاتانی تر دروستی بكەن و بە ئەمەریكای بفرۆشنەوە.

دوێنێ هەینی چینیش باجی خستەسەر 75 ملیار دۆلار لە كاڵاكانی ئەمەریكا كە پێنج هەزار جۆر كاڵا لەخۆ دەگرێت و بە رێژەی 5%تا 10% باجی بەسەریاندا سەپاند.




وشە - سلێمان تاشان