خێزانێک ساواکەیان لەبن دیواری مزگەوت بەجێ دەهێڵن

:: AM:10:30:24/08/2019 ‌

بەیانی ئەمڕۆ لە کەلار منداڵێکی تازە لەدایکبوو لە تەنیشت دیواری مزگەوتێک فڕێدەدرێت و هاووڵاتییان دەیگەیننە نەخۆشخانە گشتی ئەو شارە.

ئەمڕۆ شەموو 24ی ئاب، ئاسۆ محەمەد وەك شایەتحاڵێكی رووداوی دۆزینەوەی منداڵەكە بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، بەیانی ئەمڕۆ نزیك سەعات چواری بەیانی لە تەنیشتی مزگەوتی بوخاری لەكەلار ، مندالێكی ساوا دۆزیوەتەوە و هاووڵاتیان گەیاندیانە نەخۆشخانە.

عەلی جەمال، گووتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە "وشە"ی راگەیاند، هێشتا پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ رووداوەکە نەكراوە و دواتر لێكۆڵینەوەی بۆدەكەین.

خەبات رەشید، بەڕێوەبەری نووسینگەی مافی مرۆڤی گەرمیان بۆ "وشە" ئاماژەی دا، بەدواداچوون بۆ رووداوەکە دەكەین و لیژنەیەک پێكدەهێنین بۆ دۆزینەوەی راستییەکانی ئەو رووداوە.

لەمساڵدا ئەوە یەکەم حاڵەتی فڕێدانی منداڵی ساوایە لە گەرمیان و تا ئێستە دیار نییە ئەو دایک و باوکەی منداڵەکەیان فڕێداوە کێن و هۆکارەکەشی نەزانراوە.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان