ئه‌مڕۆ له بیارتیسى فڕه‌نسى لووتكه‌ى حه‌وت وڵاته پیشه‌سازییه‌كه به‌ڕێوه ده‌چێ، سه‌رۆكى فڕه‌نسا كه وڵاته‌كه‌ى ئه‌مساڵ میواندارى لووتكه‌كه ده‌كات و هه‌وڵى داوه لووتكه‌ى ئه‌مساڵ ته‌نیا "یانه‌ى ده‌وڵه‌مه‌ندان" نه‌بێت، مه‌ترسى له‌هه‌ڵسوكه‌وتى دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا هه‌یه، وه‌ك ساڵى رابردوو گرنگى لووتكه‌كه تێك بكات.
ئه‌مڕۆ شه‌موو 24ى ئاب له‌شارى بیارتیسى فڕه‌نسى لووتكه‌ى حه‌وت وڵاته پیشه‌سازییه‌كه به‌ڕێوه ده‌چێت كه به گرووپى "G-7" ناسراون. به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى بڵاو كراونه‌ته‌وه ئیمانۆیل ماكرۆنى سه‌رۆك كۆمارى فڕه‌نسا هه‌وڵى داوه لووتكه‌ى ئه‌مساڵ جیاوازى له ساڵانى رابردوو هه‌بێت و ته‌نیا كۆبوونه‌وه‌ى وڵاته ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان نه‌بێت.
به‌ڵام به‌ر له‌وه‌ى باس له لووتكهكهى ئه‌مساڵ بكرێت ده‌بێت سه‌ره‌تا ئاماژه بۆ مێژووى ئه‌م گرووپه بكرێت؟ گرووپى حه‌وت وڵاتى پیشه‌سازى Group of Seven بۆ یه‌كه‌مجار له ساڵى 1975 دامه‌زراوه، ئه‌و كات له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا و ژاپۆن و فڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیاى رۆژئاوا و به‌ریتانیا و ئیتاڵیا پێكهاتووه، دواى ساڵێك واته له‌ساڵى 1976 ناوه‌كه‌ى گۆڕا بۆ گرووپى حه‌وت چونكه كه‌نه‌دا چووه ناو گرووپه‌كه‌وه. ساڵانه ئه‌و گرووپه دیدارێك ده‌كات به ناوى لووتكه‌ى جى-7 ، به لووتكهكهى ئه‌مڕۆوه 43 دیدارى لووتكه‌ى ئه‌نجام داوه.
له ساڵى 1998 رووسیایش چووه ناو گرووپه‌كه، بۆیه ناوه‌كه‌ى جارێكى تر گۆڕا بۆ گرووپى هه‌شت. رووسیا هه‌موو ساڵێك له كۆبوونه‌وه‌كانى به‌شدار ده‌بوو تا ساڵى 2014 كاتێك رووسیا و ئۆكرانیا له‌سه‌ر كریمیا كێشه‌یان له‌نێوان دروست بوو، ئه‌وا رووسیا له گرووپه‌كه دوور خرایه‌وه، بۆیه ئێسته‌یش ساڵانه به‌ر له ده‌ستپێكردنى دیداره‌كه بابه‌تى گه‌ڕانه‌وه‌ى رووسیا بۆ لووتكه‌كه جێى مشت‌ومڕ ده‌بێت.
ئه‌و لووتكه‌یه به لووتكه‌ى ده‌وڵه‌تانى پیشه‌سازى یان ده‌وڵه‌تانى ده‌وڵه‌مه‌ند داده‌نرێت، چونكه دانیشتووانى ئه‌م حه‌وت ده‌وڵه‌ته ته‌نیا 10%ى دانیشتووانى دنیا پێك ده‌هێنن، كه‌چى داهاته‌كه‌یان 40 % داهاتى دنیا پێكده‌هێنێ.
له‌سه‌ر ئاستى فه‌رمى هیچ رێكخراوێك و ده‌وڵه‌تێكى تر له‌م لووتكه‌یه به‌شدار نابێت، ته‌نیا یه‌كێتى ئه‌وروپا نه‌بێت نوێنه‌رى خۆى له‌سه‌ر ئاستى باڵا ده‌نرێته لووتكه، بێ ئه‌وه‌ى خه‌سڵه‌تى فه‌رمیان له‌ناو لووتكه‌كه هه‌بێت، ئه‌م هه‌نگاوه‌یش ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه كۆى یه‌كێتى ئه‌وروپا به قه‌واره‌یه‌كى گرنگى ئابوورى دنیا داده‌نرێت.
به‌گوێره‌ى ئه‌و زانیارییانه‌ى له‌باره‌ى لووتكه‌ى ئه‌مساڵ بڵاو كراونه‌ته‌وه و رۆژنامه‌ى
شه‌رق ئه‌وسه‌ت ئاماژه‌ى بۆ كردوون، ئیمانۆیل ماكرۆنى سه‌رۆكى فڕه‌نسا هه‌وڵى داوه لووتكه‌ى ئه‌مساڵ ته‌نیا كۆبوونه‌وه‌ى ده‌وڵه‌مه‌ندان نه‌بێت، بۆیه له‌سه‌ر ئاستى جیاواز چه‌ندان كه‌س و لایه‌ن و وڵاتى تر‌ى بانگهێشت كردووه.
له‌سه‌ر ئاستى وڵاتان چوار جۆر وڵاتى بانگهێشت كردووه، یه‌كه‌م گرووپى ناو ناوه هاوپه‌یمانانى پاراستى ئازادى و دیمو‌كراتى، كه بریتین له نوێنه‌رى حكوومه‌ته‌كانى هیند و باشوورى ئه‌فریقا و شیلى و ئوسترالیا هه‌روه‌ها گرووپى دووه‌مى ناو ناوه هاوپه‌یمانه ئه‌فریقییه‌كان بۆ دروستكردنى هاوبه‌شى یه‌كسان، هه‌روه‌ها بانگهێشتى سه‌رۆكى بۆركینا فاسۆ و سه‌نیگالى كردووه، له گرووپى چواره‌میش بانگهێشتى سه‌رۆكى میسرى كردووه وه‌ك سه‌رۆكى یه‌كێتى ئه‌فریقایه.
ماكرۆن هه‌ر به‌وه نه‌وه‌ستاوه، به‌ڵكو بانگهێشتى ده‌یان رێكخراوى مه‌ده‌نى كردووه، ئه‌مه جگه له نوێنه‌رانى نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و یه‌كێتى ئه‌وروپا. بۆیه ئه‌مڕۆ نزیكه‌ى پێنج هه‌زار نوێنه‌ر و رۆژنامه‌نووس له شارى بیارتیس ئاماده ده‌بن.
رۆژنامه‌ى شه‌رق ئه‌وسه‌ت باس له‌وه ده‌كات، هاوكات له‌گه‌ڵ ده‌ستپێكردنى لووتكه‌كه له شارى بایۆنى نزیك ئه‌و شوێنه‌ى لووتكهكهى لێ به‌ڕێوه ده‌چێت، خۆپێشاندانێكى گه‌وره به‌ڕێوه ده‌چێ كه پاشماوه‌ى ئێله‌گ زه‌رده‌كان پێى هه‌ڵساون. بۆیه له رووى ته‌ناهییه‌وه ده‌زگاكانى ئاسایشى فڕه‌نسا چه‌ند رۆژێكه رێوشوێنى توندیان گرتووه‌ته‌به‌ر تا ناوچه‌كه له خۆپێشانده‌ران بپارێزن.
وێڕاى ئه‌وه‌ى له‌م لووتكه‌یه ئیمانۆیل ماكرۆنى سه‌رۆكى فڕه‌نسا ئه‌مڕۆ وه‌ك كه‌سێكى كاریگه‌ر له‌سه‌ر ئاستى دنیا ده‌رده‌كه‌وێت، به‌ڵام میدیاكانى فڕه‌نسا ده‌ڵێن ماكرۆن له‌وه نیگه‌رانه دۆناڵد تره‌مپى سه‌رۆكى ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مه‌ریكا وه‌ك ساڵى رابردوو هه‌ڵسوكه‌وتێك بكات و گرنگى لووتكه‌كه كه‌م بكاته‌وه. چونكه ساڵى رابردوو كه لووتكه‌كه له كه‌نه‌دا به‌ڕێوه چوو دۆناڵد تره‌مپ له راگه‌یاندراوى كۆتایى واژووى وڵاته‌كه‌ى كشانده‌وه.
چاوه‌ڕوان ده‌كرێت دیداره‌كه‌ى ئه‌مڕۆ گرنگ بێت كه دروشمى "به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى نایه‌كسانى" هه‌ڵگرتووه، بۆیه سه‌رۆكى وڵاتانى زلهێز باس له كۆمه‌ڵێك كێشه‌ى گرنگ ده‌كه‌ن كه به‌ریتین له‌مانه‌ى خواره‌وه.
1-شه‌ڕى سووریا
2- گرژییه‌كانى نێوان پاكستان و هیند له‌سه‌ر كشمیر
3- دۆخى ته‌ناهى كه‌نداوى عه‌ره‌ب
4- دۆسیه‌ى ئۆكرانیا
5- گه‌ڕانه‌وه‌ى رووسیا بۆ گرووپه‌كه.
6- كه‌شوهه‌وا و بارودۆخى ئابوورى دنیا
7- شه‌ڕى بازرگانى دنیا به تایبه‌تى ئه‌وه‌ى له نێوان ئه‌مه‌ریكا و چین هه‌یه
8- ده‌رچوونى به‌ریتانیا له یه‌كێتى ئه‌وروپا.
9-كێشه‌ى برسیه‌تى و نایه‌كسانى له‌سه‌ر ئاستى دنیا
10- هه‌ڵكشانى راستڕه‌وه‌كان له ئه‌وروپا.