تا دێت ئاماری جیابوونەوەی ژن و مێر لە عێراق روو لە هەڵكشان دەكات، روانگەی ئازادییەكان دەڵێ، لە شەش مانگی رابردوودا نزیكەی 34 هەزار حاڵەتی جیابوونەوە لە دادگان تۆمار كراوە، لە بەرانبەریشدا 15 هەزار هاوسەرگیری تۆمار كراوە.
ئەمڕۆ شەموو 24ی ئاب، روانگەی ئازادییەكان بۆ بەرگریكردن لەو ژنانەی توندوتیژییان بەرانبەر دەكرێت، ئاماری شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ ئاشكرا دەكات، بەگوێرەی ژمارەكانیش بێت، ئەوا رێژەی جیابوونەوە بۆ دوو هێندە زیاتر بەرز بووەتەوە.
بەپێی بەیاننامەیەكی روانگەی ئازادییەكان بۆ بەرگری لەو ژنانەی توندوتیژییان كراوەتە سەر، كۆپی دەست "وشە" كەوتووە، لە یەكی كانوونی دووەم تا یەكی تەمووزی 2018، لە سەرجەم دادگاكانی عێراق 33 هەزار و 970 حاڵەتی جیابوونەوەی ژن و مێرد تۆمار كراوە، لە بەرانبەریشدا تەنیا 149 هەزار 459 هاوسەرگیری تۆمار كراوە.
روانگەی ئازادییەكان ئاماژەی بەوە دەدات كە ئامارەكان لە ئەنجوومەنی دادوەری بڵاو كراونەتەوە و هەموویان ئاماری دروستن، هێمای بۆ ئەوەش كردووە هەڵكشانی جیابوونەوە بەو ئاستە زۆرە لە كاتێكدایە لە تەواوی ساڵی 2017 تەنیا 49 هەزار و 328 حاڵەتی جیابوونەوە بەرانبەر بە 262 هەزار و حەوت هاوسەرگیری بووە، هاوكات لە 2018، رێژەی جیابوونەوە گەیشتە 73 هەزار و 569 حالەت و لە بەرانبەریشدا 245 هەزار و 296 هاوسەرگیری لە دادگاكان تۆمار كرابوون.
لە بەیاننامەكەدا روانگەی ئازادییەكان ترسی خۆیان لە بەرزبوونەوەی رێژەی جیابوونەوە نیشان دەدەن، ترسی ئەوەیان هەیە تا كۆتایی ساڵ، ئاماری 2019 بگاتە ئاستێك كە نەتوانرێت باوەڕی پێ بكرێت.
بەپێی بەدواداچوونێك لەبارەی تەمەنی ئەو ژن و مێردانەی لە یەكتر جیا بوونەتەوە، دەركەوتووە كە 70%ی ئەوانەی لە یەكتر جیا دەبنەوە تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 30 ساڵیدایە و ئەوانی تریش لە سەرووی ئەو تەمەنەن، جگە لەمەش هاوسەرگیری پێشوەختە و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و دۆخی ئابووری لە دیارترین هۆیەكانی جیابوونەوەی هاوسەرەكانن.