وڵاتانی ئەوروپا داعشەكانیان وەردەگرنەوە

:: PM:05:02:24/08/2019 ‌
دوای هەڕەشەكانی ئەمەریكا لە رەوانەكردنەوەی چەكدارانی داعش بۆ وڵاتانی ئەوروپا، نەمسا رەزامەندی نیشان دا لەسەر وەرگرتنەوەی ئەو چەكدارانەی هەڵگری رەگەزنامەی نەمسایین، پێشتریش ئەڵمانیا چوار داعشی وەرگرتەوە.

ئەمڕۆ شەموو 24ی ئاب، حكوومەتی نەمسا رەزامەندی نیشان دا لەسەر وەرگرتنەوەی منداڵانی لەدایكبوونی چەكدارە نەمساییەكانی ریزی داعش.

پیتەر جوشیلپاوەر گوتەبێژ بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی نەمسا، ئاشكرای كرد كە دەستیان كردووە بە ئامادەكاری بۆ گەڕانەوەی منداڵانی داعش بۆ سووریا.

زیاتر روونی كردەوە كە وەزارەتی دەرەوە رەزامەندی نیشان داوە لە وەرگرتنەوەی دوو منداڵی ژنێكی نەمسایی كە ساڵی 2014 ڤیەننای جێهێشتووە و رووی لە سووریا كردووە.

زیاتر گوتی "بەپێی پشكنینی دی ئێن ئەی، ئەو دوو منداڵە هی ئەو ژنەن كە بەپێی زانیارییەكان ئەویش لە سووریا كوژراوە، دوو منداڵەكەش تەمەنیان لە نێوان ساڵێك بۆ ساڵێك و نیوە و تەندروستیان زۆر باشە و چاوەڕێین لە رێی دەسەڵاتدارانی هەسەدە وەریان بگرینەوە". 
 
 رەزامەندی نەمسا دوای ئەوە دێت كە هەفتەی رابردوو ئەڵمانیا چوار منداڵی داعشی وەرگرتەوە، پێشتریش لە تویتێكدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا هەڕەشەی بە زۆر ناردنەوەی ئەو داعشانەی بۆ وڵاتانی ئەوروپا كردبوو.


وشە - فه‌رمان سادق