بەرپرسانی ئەمەریكا: تەقینەوەی كۆگاكانی حەشد بەهۆی بەرزی پلەی گەرما بووە

:: PM:05:05:24/08/2019 ‌
بەرپرسانی ئەمەریكی دووپات لەوە دەكەنەوە كە زانیاریی پشتڕاستكراویان نییە ئیسرائیل لە پشتەوەی تەقینەوەكانی كۆگاكانی چەكی حەشدی شەعبی بێت، ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن بەرزی پلەی گەرما یەكێك بووە لە هۆیەكان.

ئەمڕۆ شەموو24ی ئاب، لە نوێترین هەڵوێستیدا بەرپرسانی كۆشكی سپی ئەمەریكی رای دەگەیەنن كە هیچ زانیارییەكیان لەسەر تەقینەوەكانی كۆگاكانی چەكی داعش نییە، دەكرێت تەقینەوەكان پێوەندار بن بە بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی.

بەپرسانی كۆشكی سپی بە ئاژانسی "بلومبێرگ"یان راگەیاندووە كە واشنتن هیچ زانیارییەكی پشتڕاستكراوی لەبەر دەست نییە كە ئیسرائیل بەرپرسی هەموو هێرشەكانی كراونەتە سەر كۆگاكانی چەكی حەشدی شەعبی.

 
بەرپرسەكەی كۆشكی سپی، ئاماژەی بەوە كرد كە عێراق هۆكاری سەرەكییە چونكە گرووپە میلیشیاكان پڕچەك دەكات كە ناتوانرێ كۆنتڕۆڵ بكرێن، بەمەش ئاسایشی نێودەوڵەتی دەخاتە مەترسییەوە.
 
پێوەند بەو پرسە رۆژنامەی "نیویۆرك تایمز" لە راپۆرتێكدا پێنجشەمی رابردوو بڵاوی كردەوە كە ئیسرائیل لەو چوار هێرشەی كراوەتە سەر كۆگاكانی چەكی حەشدی شەعبی، یەك هێرشی ئەنجام داوە، ئەویش بنكەیەك بووە لە باكوری بەغدا.

هاوكات دوو بەرپرسی تری ئەمەریكی بە رۆژنامەكەیان گوتووە كە لەم رۆژانەی رابردوودا ئیسرائیل چەندان هێرشی كردووەتە سەر عێراق.

لای خۆیەوە بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل شەوی پێنجشەمی رابردوو رای گەیاند، ئێران دەیەوێت بنكەی سەربازی لە دژی ئێمە لە عێراق، لبنان، سووریا و یەمەن دابنێت، ئێمەش لە عێراق و زۆر لە وڵاتانی تریش ژی دەوەستینەوە، گوتی "بۆ ئەمە ئازادی هەموو جموجووڵێك بە هێزەكان دراوە".


وشە - فه‌رمان سادق