كۆسره‌ت ره‌سووڵ به‌ستنى كۆنگره‌ى حزبه‌كه‌ى دووپات ده‌كاته‌وه‌

:: PM:05:31:24/08/2019 ‌

ئه‌مڕۆ شه‌موو 24ى ئاب، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئاشکرای کرد، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی هەفتەی داهاتوو کۆ دەبێتەوە و بڕیار لەبارەی بەستنی کۆنگرە دەدات.

کۆسرەت ڕەسووڵ عه‌لى جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتی ئەمڕۆ لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەنوسان دوای ئەوەی بەشداری لە پرسەی دایکی شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە کرد لەبارەی کۆنگرەی یەکێتیەوە ڕای گەیاند، "هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتی کۆ دەبێتەوە و بڕیار لەبارەی بەستنی کۆنگرەی چوارەم دەدات".

زیاتر گوتى، "هەر لە کۆبوونەوەی هەفتەی داهاتوودا بڕیار لەبارەی چۆنییه‌تى بەستنی کۆنگرەی یەکێتی دەدرێت". 

شایه‌نى باسه‌ پێشتر مەكتەبی ڕێكخستنی یەكێتی سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژەی بەستنی کۆنگرە بوو و پێشنیازی کرد ڕۆژی 21ی تشرینی دووەمی ئه‌مساڵ كە ده‌كاته‌ ڕۆژی شەهیدی یەكێتی، وه‌ك چوارەمین ڕۆژى كۆنگرەی حزبەکە ببەسترێت.

یەكێتی نیشتیمانی كوردستان كە یه‌كى حوزه‌یرانى ساڵى 1975 دا لە شارى دیمەشقى پایته‌ختى سووریا دامەزراوە، تا ئێسته‌ تەنیا سێ كۆنگرەی بەستووە، بڕیارە ئەمساڵ کۆنگرەی چوارەم ببەستێت.


وشە - محەمەد میران