هاوكاتی هێرشكردنە سەر كۆگاكانی چەكی حەشدی شەعبی، پەرلەمانتارێكی ئیسڕائیلی دەڵێ، پێشوازی لە شاندی عێراقی كردووە كە پەرلەمانتاریشی لەگەڵ بووە و باس لە بەرەوپێشبردنی پێوەندییەكانی هەردوو وڵات كراوە. لە ناوخۆی عێراقیشدا هەوڵی سەندنەوەی مافی ئەندامییەتی پەرلەمان لەو پەرلەمانتارانە دەدرێت كە سەردانی ئیسڕائیلیان كردووە.
ئەمڕۆ شەموو 24ی ئاب، كسینیا سفیتلوڤا ئەندامی پەرلەمان و شارەزا لە ناوەندی هرتسلیای ئیسڕائیلی، ئاشكرای كرد كە بەشداری كردووە لە شاندی پێشوازی لە شاندی كەسایەتییە عێراقییەكان بۆ ئیسڕائیل كە ئەندام پەرلەمانیشی لەگەڵ بووە و باسی بەرەوپێشبردنی پێوەندییەكانی هەردوو وڵاتیش كراوە.
لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی ئەو ژنە پەرلەمانتارەی ئیسڕائیل ئاماژەی بەوە كردووە كە پێوەندی عێراق و ئیسڕائیل تەواو جیاوازە لەگەڵ پێوەندییەكانی ئیسڕائیل بە سووریا كە وڵاتێكی دوژمنە. روونی كردەوە، ئەگەرچی پێوەندی دیپلۆماسی فەرمی لەنێوان ئیسڕائیل و عێراق نییە، بەڵام پێوەندییەكان بەرەو پێشەوە چوون و وەك پەرلەمانتارێكیش بەشداریم كردووە لە پێشوازی شاندە عێراقییەكان.
لە بارەی هێرشی فڕۆكە جەنگیەكانی ئیسڕائیل بۆ سەر كۆگاكانی چەكی حەشدی شەعبی، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێ، ئەمەش شتێكی نوێ نییە و ساڵی 1981یش فڕۆكە جەنگیەكان هێرشیان كردە سەر بنكەیەكی چەكی ناوەكی عێراقی.
قسەكانی ئەو پەرلەمانتارە لە كاتێكدایە بنیامین ناتنیاهۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل ئەو تۆمەتانەی حەشدی شەعبی رەت كردەوە كە ئیسڕائیل هێرشی كردووەتە سەر بارەگاكانیان، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ كەناڵی نۆیەمی ئیسڕائیلی، كە ئێوارەی پێنجشەمی رابردوو بڵاوكراوەیەوە، رای گەیاند، ئێمە لە زۆرێك لە گۆڕەپانەكاندا دژ بەو وڵاتە وەستاوینەتەوە كە دەیەوێت ئیسڕائیل لەناو ببات.
لە ئاستی ناوخۆی عێراقدا،
عامر فەیازی ئەندامی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراقی رای گەیاند، عێراق دانی بە بوونی ئیسڕائیل نەناوە و پێی وایە خاكی فەڵەستینی داگیر كردووە.
روونی كردەوە، ئەگەر ئەوە راست بێت كە ئەندامانی پەرلەمان سەردانی ئیسڕائیلیان كردووە ئەوا دەبێت مافی ئەندامیەتی پەرلەمانیان لێ وەربگیردرێتەوە، گوتی "بەگوێرەی سیستەمی پاسپۆرتی عێراقی بێت ئەوا هیچ عێراقییەك بۆی نییە بچێتە ئیسڕائیل، دیارە ئەوانە بە پاسپۆرتی تر سەردانەكەیان كردووە، ئەگەریش ئەوە راست بێت ئەوا ئاماژەیەكی مەترسیدارە و دەبێت سزا بدرێن، چونكە ئەوە خیانەتێكی گەورەیە".