بڕیاره هه‌فته‌ی داهاتوو سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له باره‌ی پرسی به‌ستنی كۆنگره و دیاركردنی ڕۆژێك كۆببنه‌وه، ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تیش ده‌ڵێت، هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كان به‌ره‌و ته‌واو بوون ده‌چن و ته‌نیا ڕۆژی به‌ستنی كۆنگره دیاری نه‌كراوه.
ئه‌مڕۆ شه‌موو 24ى ئاب، محه‌مه‌د وه‌تمان ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تی ئاگادار كردووه‌ته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام بده‌ین له باره‌ی پرسی كۆنگره و دیاریكردنی ڕۆژی به‌ستنی كۆنگره كه ئه‌مساڵ ده‌به‌سترێت.
ڕوونیشى كرده‌وه كه كۆبوونه‌وه‌كه له هه‌فته‌ی داهاتوو ده‌بێت، سه‌ره‌ڕای تاوتێكردنی دۆخی ناوخۆی یه‌كێتی، هاوكات به وردی گفتوگۆ له‌سه‌ر به‌ستنی كۆنگره ده‌كه‌ین، چونكه ئاماده‌كارییه‌كانی به‌ستنی كۆنگره به‌ره‌و كۆتایی ده‌چن و هه‌مووان هاوڕان له‌سه‌ر به‌ستنی كۆنگره.
پێشتر مه‌كته‌بی ڕێكخستنى ئه‌و حزبه به ئاماده‌بوونی سه‌رجه‌م به‌رپرسی مه‌ڵبه‌نده‌كان له نێوان سێى تشرینی یه‌كه‌م كه ساڵرۆژی مردنی جه‌لال تاڵه‌بانى بوو له‌گه‌ڵ ڕۆژی 21ی تشرینی دووه‌م كه ڕۆژی شه‌هیدی یه‌كێتییه، ڕۆژی 21ی تشرین دیاری كرا وه‌ك ڕۆژی به‌ستنی گۆنگره، به‌ڵام ئه‌و ئه‌ندامه‌ی سه‌ركردایه‌تی ده‌ڵێت، ئه‌و ڕۆژه به فه‌رمی بڕیاری له‌سه‌ر نه‌دراوه و ده‌بێت سه‌ركردایه‌تی بڕیار بدات.
لای خۆیه‌وه ڕه‌هبه‌ر سه‌ید ئیبراهیم ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی به "وشه"ی ڕاگه‌یاند، كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تی بۆ دیاریكردنی ڕۆژی كۆنگره و میكانیزم و به‌رنامه‌ی كۆنگره ده‌بێت.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی