توێژینەوەكان: ژینگەی دەركەوتنەوەی داعش لە عێراق و سووریا لەبارە

:: PM:07:13:24/08/2019 ‌
چەند توێژینەوەیەكی نوێ دووپات لە گەڕانەوەی داعش بۆ سووریا و عێراق دەكەن، ئەمەش لە كاتێكدایە ئێستە ئەو گرووپە تیرۆریستییە هیچ خاكی لە ژێر دەست نییە، بەڵام مەترسییەكانی لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆر هەمیشە دووپات دەكرێتەوە و تا ئێستەش چوار ناوەندی نێودەوڵەتی دووپات لە گەڕانەوەی دەكات.

ئەمڕۆ شەموو 24ی ئاب، ماڵپەڕی "میدیابار"ـی فڕەنسی دەرئەنجامی توێژینەوەیەكی بڵاو كردەوە كە تێیدا دووپات لە دووبارە گەڕانەوەی داعش بۆ عێراق و سووریا دەكات.
 
بەپێی توێژینەوەكە بێت، كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی تا دێت ترسی لە دووبارە گەڕانەوەی داعش زیاتر دەبێت بە تایبەت دوای ئەوەی ئاشكرا بوو كە داعش ئامادەكاری بۆ گەڕانەوەیەكی زۆر بەهێز دەكات دوای ئەوەی پاش شكستە گەورەكەی توانی پارێزگاری لە تۆڕی دارایی جیهانی خۆی بكات كە كۆمەكێكی سەرەكییە بۆ دووبارە گەڕانەوە و دەستگرتن بەسەر زەوی لە عێراق و سووریا و ئەنجامدانی هێرشی تیرۆریستی بۆ سەر وڵاتانی ئەوروپا.

لە توێژینەوەكەدا ئەوە خراوەتەڕوو كە كردە تیرۆریستییەكانی داعش لە سووریا دوو هێندە بووە و تەكنیكی جیاوازیش بەكار دەهێنێت كە شەڕی چەتەگەرییە و سەركەوتنێكی درێژ مەودایە، ئاماژە بەوەش كراوە كە دوای تەنیا چەند مانگێك لە راگەیاندنی سەركەوتن بەسەر داعش لەلایەن دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، چوار راپۆرت بڵاوكرانەوە كە هۆشداری دەدەن لە دووبارە گەڕانەوەی داعش لە سووریا و عێراق، ئەوانیش لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكان و پنتاگۆن و ناوەندەكانی توێژینەوە و شیكاری دەرچوون و دەرئەنجامی هەر چوار راپۆرتیش لە یەكخاڵدا كۆكن كە داعش شكستی نەهێناوە و چونكە ئەو ژینگەیەی بووە هۆی دەركەوتنی هێشتا ماوە.


وشە - فه‌رمان سادق