بەریتانیا كەشتییەكی تری جەنگی رەوانەی كەنداو دەكات

:: PM:07:38:24/08/2019 ‌

لە پەرەسەندنێكی نوێ و وەك جێبەجێكردن و بەهێزكردنی هەوڵەكانی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی رێڕەوی هاتوچۆی كەشتییە نەوتییەكانی كەنداو، هاوكات لەگەڵ بەردەوامیی ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران، بەریتانیا كەشتییەكی تری جەنگی رەوانەی كەنداو كرد.

بەپێی بەیباننامەیەكی وەزارەتی بەرگری بەریتانیا ئەو كەشتییە جەنگییەی بەریتانیا كە ناوی "ئیچ ئێم ئێس دیفایندەر"ە، بەشەداری لە ئەركەكانی هێزی دەریاوانی شاهانەی بەریتانیا دەكات بۆ پاراستن و مسۆگەری ئاسایشی هاتوچۆی كەشتییەكان لە كەنداو.

لای خۆیەوە بن والاس وەزیری بەرگری بەریتانیا رای گەیاند كە وڵاتەكەی ئامادەیە بۆ پاراستنی ئازادی هاتوچۆی دەریاوانی لە بەرانبەر هەر مەترسییەكدا. لەوكاتەی وەزارەتی بەرگری بەریتانیا رای گەیاند كەشتی "ئێچ ئێم ئێس مۆنترووز"، لە ناوچەیكە دەمێنێتەوە و تا ئێستە زیاتر لە 30 جار لە گەرووی هورمز تێپەڕیوە.

ئەمە و كەشتییە جەنگییەی بەریتانیا لە 12ی ئەم مانگەدا بەندەری پۆرتسماوسی لە پاڵ كەشتی "ئێم ئێس كنت"، جێهێشت كە هەردوو كەشتی ئێستە لە چوارچێوەی هەوڵێكی نێودەوڵەتی كار بۆ پاراستنی هاتوچۆی دەریایی كەشتییە نەوتی و بازرگانییەكان لە كەنداو دەكەن كە سەرەتای ئەم مانگە بەریتانیا بەشداری خۆی لەپاڵ ئەمەریكا تیایدا راگەیاند. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل