مەرجەعێكی شیعە فتوای دەركردنی ئەمەریكا لە عێراق دەدات

:: PM:08:39:24/08/2019 ‌
تا دێت پرسی كردنە ئامانجی حەشدی شەعبی لێكەوتەی زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێ، مەرجەعێكی شیعەی ئێرانی داوای دەركردنی ئەمەریكا لە عێراق دەكات و عەسایبی ئەهلی حەقیش هەڕەشەی كردنە ئامانجی سوپا و كونسڵخانە و باڵوێزخانەی ئەمەریكا دەكات. 

شەوی رابردوو، كازم ئەلحوسێنی ئەلحائری یەكێك لە مەرجەعەكانی شیعە لە شاری قوم لە ئێران، لە بەیاننامەیەكدا داوای دەركردنی سوپای ئەمەریكای لە عێراق كرد و داوایشی لە حكوومەتی عێراق كرد كە هۆشداری بداتە هێزەكانی ئەمەریكا و ماوەیەكی كورتیش بۆ كردنە دەرەوەیان دەستنیشان بكات.

ئەلحائری لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی بەوەدا كە مانەوەی سوپای ئەمەریكا لە عێراق وا دەكات لەلایەن چەكدارانی "بەرگری" لە نیشتمان، بكرێنە ئامانج، هەر لە باڵوێزخانە تا دەگات بە كونسڵخانە و بارەگاكانی تریان، گوتی "راهێنمان ناوێت، پشتگیریمان ناوێت و شارەزایی ئێوەشمان ناوێت".

ئەلحائری كە یەكێكە لە موفتیەكانی شیعەی سەر بە خامنەیی لە ئێران، رەوایەتی دا بە كردنە ئامانجی بنكە و بارەگاكانی ئەمەریكا لە عێراق، گوتی "مانەوەیان لە عێراق لە رووی شەرعەوە حەڕامە".

دوا بەدوای فتواكەی ئەلحائری، عەسایب ئەهل حەق كە یەكێكە لە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و سەر بە ئێرانە، دەستبەجێ وەڵامی فتوایەكەی دایەوە و هەڕەشەی كردنە ئامانجی هێز و كونسڵخانە و باڵوێزخانەی ئەمەریكای لە عێراق كرد ئەگەر نەچنە دەرەوە.

فتواكەی ئەلحائری بەشێكە لە مشتومڕی كردنە ئامانجی بارەگا و كۆگاكانی حەشدی شەعبی لەلایەن ئیسڕائیل كە ئەمەریكا بێ ئاگایی خۆی لێ راگەیاند، تا ئێستەش عەلی سیستانی مەرجەعی باڵای شیعەكانی عێراق هیچ هەڵوێستێكی لەسەر ئەو پرسە نەبووە، حكوومەتی عێراقیش هیچ وەڵامێكی ئەلحائری نەداوەتەوە.

حەسەن سالم پەرلەمانتاری سەر بە عەسایب ئەهل حەق دەڵێ، دوای بەیاننامەكەی ئەلحائری، كاركردن لەسەر كردنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا بووەتە ئەرك لەسەر شانمان، بۆیە دەبێت لە ماوەیەكی كەم عێراق جێبهێڵن.

ئەلحائری یەكێكە لە مەرجەعەكانی شیعەی عێراقی و ساڵی 1938 لە كەربەلا لەدایكبووە و ئێستە لە شاری قوم لە ئێران نیشتەجێیە و قوتابی محەمەد باقر ئەلسەدر بووە، یەكێكە لەو مەرجەعانەی هەمیشە فتواكانی جێی مشتومڕن و دوای رووخانی رژێمی بەعس لە 2003، فتوای كوشتنی بەعسییەكانی دا، بەڵام عەلی سیستانی داوای كرد ئەو بەعسیانەی دەستیان سوورە بە خوێنی عێراقییەكان بدرێنە دادگا.



وشە - فه‌رمان سادق