پەرلەمانی عێراق پارێزبەندی لەسەر ژمارەیەكی تری ئەندامانی لا دەبات

:: PM:09:38:24/08/2019 ‌

ئەندامێكی هاوپەیمانی "سائیروون" لە پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە سەرۆكایەتی پەرلەمان بەنیازە بەر لە دەست پێكردنەوەی وەرزی داهاتووی یاسادانان، پارێزبەندی لەسەر ژمارەیەكی تری ئەندامانی لاببات كە لە گەندەڵی داراییەوە تێوەگلاون. 

عەباس علێوی ئەمڕۆ شەموو رای گەیاند، لە ماوەی داهاتوودا سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیاری لابردنی پارێزبەندی بەسەر ژمارەیەكی نوێی پەرلەمانتاران بە تۆمەتی تاوانكاری و گەندەڵی داراییەوە  دەردەكات و روونی كردەوە، لابردنی پارێزبەندییەكە بەر لە پشووی یاسادانان و دەست پێكردنەوەی دانیشتنەكان دەبێت.  

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی كرد، لابردنی پارێزبەندی بەسەر ئەو پەرلەمانتارانەی ناویان لە لیستی رەوانەكراو لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییە، رێوشوێنێكی كارگێڕییە بۆ هاوكاریكردنی دادگا و روونی كردەوە كە زۆرینەی دۆسیەكان لەلایەن دەستەی نەزاهە و ئەنجوومەنی باڵای دادوەرییەوە رەوانەكراون.

هەفتەی رابردوو ئەندامێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق دووپاتی كردەوە كە ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری داوای لابردنی پارێزبەندی لەسەر كردوون لە 30 ئەندام نزیك دەبێتەوە و تا ئێستە ناوەكان لای سەرۆكایەتی پەرلەمانە و دیار نییە كە كوردیان تیادایە یان نا.

پێشتر فایەق زێدان سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری داوای لە پەرلەمانی عێراق كردبوو بە لابردنی پارێزبەندی لەسەر ژمارەیەك پەرلەمانتار كە بە دۆسیەی گەندەڵی لەكاتی بەجێگەیاندنی ئەركی جێبەجێكاری پێشتر و ژمارەیەكی تری تۆمەتبار بە تاوانكاری تۆمەتبارن.

د محەمەد شاكر ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، ژمارە و ناوەكان بەتەواوەتی دیار نین، بەڵام وەك زانیارییەكان باس دەكەن تەڵاڵ زەوبەعی و فالح عیساوی و سێ پەرلەمانتاری تریش كراوە، بە گشتی 30 پەرلەمانتاری عێراق بە هۆكاری جیاجیا داوای لەسەرە و تا ئێستە پارێزبەندی لەسەر چوار یان پێنجیان لابراوە، ناشزانین ئەندامی كوردی تیادایە یان نا، چونكە ناوەكان لای دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانە.
  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل