شارۆكه‌ی ده‌ربه‌ندیخان كه ده‌كه‌وێته نێوان ئیداره‌ی گه‌رمیان و پارێزگای سلێمانی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی شوێنێكی گه‌شتیارییه و به‌رهه‌مهێنه‌ری كاره‌بایه و به‌نداوێك و ده‌ریاچه‌یه‌كی له ته‌نیشته، كه‌چی ده‌یان ساڵه تینووی ئاوه. گرفته‌كان هه‌ر ئه‌وه‌نده نین، تونێلهكهیشی كه ده‌بوو مایه‌ی پێشخستنی رێگه‌وبان بێت، بووه‌ته به‌ربه‌ستێك بۆ شارۆكه‌كه، جگه له‌مانه چه‌ندان كێشه‌ی تر به‌رۆكی شارۆكه‌كه‌یان گرتووه و دیار نییه كه‌ی چاره‌سه‌ر ده‌كرێن.
ده‌ربه‌ندیخان /66 كم باشووری سلێمانی/ ده‌یان كێشه‌ی تێدایه كه هاووڵاتییانی به‌هۆیانه‌وه ده‌ناڵێنن و قسه‌ی سه‌ره‌كییان ئه‌وه‌یه كه شاره‌كه‌یان پشتگوێ خراوه. خه‌ڵكه‌كه ده‌ڵێن به‌هۆی ئه‌وه‌ی گۆڕان یه‌كه‌م بووه له هه‌ڵبژاردن یه‌كێتی سزایان ده‌دات، به‌ڵام هه‌مووان كۆكن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه كه‌رتی ته‌ندروستی و رێگه‌وبان و ئاوی خواردنه‌وه و بێسه‌روبه‌ری ئیداره‌ی خۆجێیی، وێرانه‌یه.
كاروان فایه‌ق وه‌ك چالاكی مه‌ده‌نی له ده‌ربه‌ندیخان، بۆ "وشه" ئاشكرای كرد، ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه مه‌ترسییه‌كی گه‌وره به‌رۆكی منداڵانی ده‌ربه‌ندیخانی گرتووه، ئه‌ویش تێپه‌ڕینی تانكه‌ره نه‌وتییه‌كانه به‌ناو چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی سه‌نته‌ری شار وه‌ك هه‌واره به‌رزه و كانی سارد.
روونی كرده‌وه، به‌هۆی داخستنی تونێله‌كه‌وه، هاتوچۆی تانكه‌ره‌كانی نه‌وت كه‌وتووه‌ته ناو گه‌ڕه‌كه‌كانه‌وه و زۆربه‌ی شۆفێره‌كانی تانكه‌ر زۆر به‌خێرایی لێده‌خوڕن و مه‌ترسین بۆ سه‌ر منداڵانی شار. ئه‌و چالاكه داوا له هاتوچۆی ده‌ربه‌ندیخان و قایمقامیه‌ت ده‌كات هاتوچۆی تانكه‌ره نه‌وتییه‌كان بكه‌وێته رێی قه‌ره‌داخه‌وه.
له به‌رانبه‌ردا نه‌قیب رێژه‌ن بورهان به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی هاتوچۆی ده‌ربه‌ندیخان له‌باره‌ی كردنه‌وه‌ی رێیه‌ك له ده‌ره‌وه‌ی ده‌ربه‌ندیخانه‌وه بۆ قه‌ره‌داخ، ئاماژه‌ی به‌وه دا كه رێی ده‌ره‌وه‌ی ده‌ربه‌ندیخان نزیك پردی دێوانه لۆفه‌ی زۆری تێدایه و بۆ ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر ناشێت، بۆیه پێش چه‌ند ساڵێك له نزیك به‌نداوی دێوانه رێ‌یان كرده‌وه، كه‌چی چه‌ندان بارهه‌ڵگر وه‌رگه‌ڕان و كاره‌ساتی لێ كه‌وته‌وه، به‌ده‌ر له‌وه‌ش شه‌قامی 30 مه‌تری هه‌یه ئه‌ویش هه‌ر دێته‌وه ناو ده‌ربه‌ندیخان.
رێژه‌ن ئه‌وه‌یشی خسته ڕوو كه، "هیچ واده‌یه‌ك دیار نییه بۆ ته‌واوبوونی كاره‌كانی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی تونێلی ده‌ربه‌ندیخان".
ئاو، گرفتێكی تری خه‌ڵكی ده‌ربه‌ندیخانه كه به چاره‌سه‌رنه‌كراوی ماوه‌ته‌وه. ئه‌گه‌رچی ده‌ریاچه‌یه‌ك و رووباری سیروان له‌وێ هه‌ڵكه‌وتوون.
رۆژیار محه‌مه‌د به‌ڕێوه‌به‌ری ئاوی ده‌ربه‌ندیخان، بۆ "وشه" گوتی، "ئێمه تاقیگه‌ی تایبه‌تی كیمیاییمان نییه بۆ پشكنینی ئاو، به‌ڵام له رووی فیزیاییه‌وه گرفتمان نییه و ئاوه‌كه پاكه. كه‌مئاویش خه‌ریكه چاره‌سه‌ر ده‌كرێت".
وه‌ك ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره ئاماژه‌ی پێ كرد، كۆمپانیای "ئۆهیتان"ی توركی 70%ی كاره‌كانی پاككردنه‌وه‌ی ئاوی ده‌ربه‌ندیخانی كۆتا پێ هێناوه و كات دیاری نه‌كراوه بۆ ته‌واوكردنی، كۆمپانیای ئۆهیتان راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ئاو و ئاوه‌ڕۆوه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێ.
زیاتر گوتی، "ده‌ربه‌ندیخان له ئاستی رووی ده‌ریاوه به‌رزه و ئه‌مه گرفتی كه‌مئاوی دروست كردووه، بۆیه راسته له پاڵ به‌نداوی ده‌ربه‌ندیخانه، به‌ڵام ده‌بێت به فشاری ماتۆڕ ئاو بهێنرێته سه‌ره‌وه".
هاوكات ژماره‌یه‌ك له ژنی ده‌ربه‌ندیخان "وشه"یان ئاگادار كرده‌وه كه زۆرجار بۆ سه‌ردانكردنی پزیشكی ژنان ده‌بێت بچنه كه‌لار یان سلێمانی، چونكه پزیشكی ژن له ده‌ربه‌ندیخان نییه یان زۆر كه‌مه.
زه‌رده‌شت عوسمان به‌رپرسی راگه‌یاندنی ته‌ندروستی ده‌ربه‌ندیخان، بۆ "وشه" روونی كرده‌وه، نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی ده‌ربه‌ندیخان هێنده‌ی نه‌ماوه و به‌منزیكانه ته‌واو ده‌بێت.
به‌گوته‌ی ئه‌و، كه‌میی ژماره‌ی پزیشكی ژن كێشه‌یه‌كی هه‌میشه‌یی بووه و له ئاستی زیادبوونی ژماره‌ی دانیشتووان نییه، بۆیه داوایان له سه‌رووی خۆیان كردووه پزیشكی زیاتری ژن دابین بكه‌ن.
هاوكات قایمقامی ده‌ربه‌ندیخان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كێشه‌كانی شاره‌كه‌ی به گه‌وره پێناسه ده‌كات، به"وشه" ده‌ڵێ هه‌وڵیش هه‌یه بۆ ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌ی جۆراوجۆر.
ناسیح مه‌لا حه‌سه‌ن له‌باره‌ی داخستنی رێی ناوشار و كردنه‌وه‌ی رێیه‌كی ده‌ره‌كی بۆ تانكه‌ره‌كانی نه‌وت، ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ئه‌وه كاری ئه‌وان نییه وه‌ك قایمقامیه‌ت، به‌ڵكو كاری پۆلیسی هاتوچۆی شارۆكه‌كه‌یه و ئه‌وان ده‌توانن بڕیار بده‌ن له‌وباره‌وه.
قایمقام پێی وایه به‌هۆی ئه‌وه‌ی شارۆكه‌ی ده‌ربه‌ندیخان كه‌وتووه‌ته نێوان گه‌رمیان و سلێمانییه‌وه، په‌راوێز خراوه. پێشتر ئیداره‌ی گه‌رمیان كه ئیداره‌ی كه‌ركووكی پێ ده‌گوترا له ده‌ربه‌ندیخان بوو، كه رۆیشتن هیچیان به‌جێ نه‌هێشت و هه‌موو كه‌رسته‌كانیان له‌گه‌ڵ خۆیان برد.
له‌باره‌ی فشاره‌كانی سه‌ر رێگه‌وبانه‌كانی ده‌ربه‌ندیخان كه كه‌وتووه‌ته سه‌ر رێی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق و ئیداره‌ی گه‌رمیان و سلێمانی. روونی كرده‌وه "رێی ده‌ربه‌ندیخان فشارێكی ئێجگار گه‌وره‌ی له‌سه‌ره و بارهه‌ڵگرێكی زۆری پێدا تێده‌په‌رێت".
هه‌ڵبه‌ت قایمقامی ده‌ربه‌ندیخان گه‌شبینی خۆی ده‌ربڕی له چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئاو. زیاتر گوتی، به‌نداوی دێوانه بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاو زۆر گرنگه و 80%ی كاره‌كانی ته‌واو بووه. هاوكات پڕۆژه‌ی ئاوی ده‌ربه‌ندیخان كه حه‌وت ملیۆن دۆلاری بۆ ده‌رچووه و پاره‌یه‌كی گونجاوه، به‌ڵام هێشتا دابین نه‌كراوه.
به‌نداوى ده‌ربه‌ندیخان 127 مه‌تر به‌رزه له ساڵى 1956 له‌لایه‌ن كۆمپانیاى ڕاوێژكارى هارزاى ئه‌مه‌ریكایى دروست كراوه و له 23ى تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌رى 1961 كۆتای هاتووه و له‌لایه‌ن سه‌ركۆمارى ئه‌و كاته‌ى عێراق عه‌بدولكه‌ریم قاسم به‌ره‌سمی كراوه‌ته‌وه و وێستگه‌ى كارۆئاوى ده‌ربه‌ندیخانی له‌سه‌ر كه ئه‌گه‌ر به‌ته‌واوی كار بكات 280 میگاوات كاره‌با ده‌دات.
ئه‌م شارۆكه‌یه به درێژایی ده‌یان كیلۆمه‌تر له هه‌ردوو به‌ری رووباری سیروان و ده‌ریاچه‌كه‌وه رێی ئۆتۆمبیلی هه‌یه، به‌ڵام یه‌ك كه‌پری گه‌شتیاری تێدا نییه و زۆرینه‌ی گه‌شتیارانی عێراق به‌وێدا تێده‌په‌ڕن بۆ ناوچه‌ی هه‌ورامان.
كێشه‌ی ئاو، رێگه‌وبان و ته‌ندروستی دیار نییه كه‌ی چاره‌سه‌ر ده‌بن.
وشه/ سه‌بری هۆرێنی