حوسنا مه‌حموود ناسراو به "حوسنا هه‌ورامی" /30 ساڵ/ كچه شێوه‌كار و نیگاركێشێكی هه‌ڵه‌بجه‌ییه و له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا باس له كۆی به‌رهه‌مه هونه‌رییه‌كان و پێشانگه‌كانی ده‌كات. به‌گوته‌ی خۆی "به‌نیازه له داهاتوویه‌كی نزیكیشدا پێشانگه‌كانی بۆ شاره گه‌وره‌كانی ئێران بگوازێته‌وه".
وه‌ك سه‌ره‌تا چۆن ده‌ستت دایه كاری شێوه‌كاری؟
له منداڵییه‌وه عاشقی كاری هونه‌ری بووم، خۆشبه‌ختانه دوای ته‌واوبوونی خوێندن ده‌رفه‌تم زیاتر بۆ ڕه‌خسا گرنگی زیاتر به حه‌ز و كاره هونه‌رییه‌كه‌م بده‌م، له ساڵی 2010 به‌دواوه ده‌ستم پێ كرد، سه‌ره‌تا تابلۆكانم به به‌رد و چه‌و ده‌نه‌خشاند، دواتر شێوازه‌كه‌م گۆڕی هه‌نگاوی دووه‌مم دروستكردنی قاڵبه گه‌چ بوو كه به بۆیه‌ی زه‌یتی كارم له‌سه‌ری ده‌كرد .
به‌شداری پێشانگه‌ی هونه‌ریت كردووه؟
به‌شداری زیاتر له 20 پێشانگه‌ی هاوبه‌شم كردووه، به تابلۆ به‌رده‌كانم توانیم زیاتر له 80 تابلۆ ئاماده بكه‌م، له ساڵی 2018 به‌بۆنه‌ی ڕۆژی هه‌شتی مارس، پێشانگه‌یه‌كی تایبه‌تم بۆ كاره‌كانم كرده‌وه. له هه‌نگاوی سێیه‌ممدا پێمخۆشبوو كارێكی تایبه‌ت پێشكه‌ش به شاره‌كه‌م بكه‌م، بۆیه هه‌ستام به دروستكردنی 50 تابلۆی زه‌یتی و 20 تابلۆی فۆتۆیی و له رێوڕه‌سمێكدا له 16/3/2019 وه‌ك ڕێزێك به‌خشیمه ئه‌و كه‌سانه‌ی له ڕۆژی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه خۆبه‌خشانه هاوكاری خه‌ڵكی شاره‌كه‌یان كردووه.
هه‌نگاوی چواره‌مم كردنه‌وه‌ی پێشانگه‌یه‌كی ئارتوگرافی "گرافیكی" بوو كه یه‌كه‌م كچ بووم له كوردستان توانیوم به دروستكردنی 40 تابلۆی گرافیكی له شاری هه‌ڵه‌بجه پێشانگه‌یه‌كی تایبه‌تی بكه‌مه‌وه.
پڕۆژه‌ی نوێت چییه؟
ئێسته ئاماده‌كاری بۆ هه‌مان پڕۆژه‌ی ئارتوگرافی ده‌كه‌م كه بیـبه‌مه شاره‌كانی سنه و تاران و نمایشیان بكه‌م، له‌گه‌ڵ كاری هونه‌ری شێوه‌كاری كاری فۆتۆگرافیش ده‌كه‌م، ئێسته‌یش گرووپێكی خۆبه‌خشیم دروست كردووه و سه‌رپه‌رشتی ده‌كه‌م كه ئاماجمان خزمه‌تكردنه به هونه‌ر و كولتوور و رۆشنبیریی شاره‌كه‌مان.
بۆ كاره هونه‌رییه‌كانت له‌ڕووی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ڕێگریت لێ نه‌كراوه؟
به‌ربه‌ستی گه‌وره‌ی كچ و ژن له وڵاتی ئێمه‌دا ڕێگریكردنی خێزانه‌كه‌ی و قسه‌ی كۆمه‌ڵگه‌یه، به‌ڵام خۆم زۆر سوپاسی خێزانه‌كه‌م ده‌كه‌م هه‌میشه هاوكاری دارایی و مه‌عنه‌ویم بوون له كاركردن و سه‌ركه‌وتنه‌كانم، خۆیشم گوێ ناده‌مه قسه‌ی خه‌ڵك، تاكه ڕێگر بۆ كاری هونه‌ری نه‌بوونی سپۆنسه‌ره و ده‌بێ هه‌میشه بگه‌ڕێم بۆ سپونسه‌رێك بۆ خستنه‌ڕووی كاره‌كانم.
تا چه‌ند له‌ڕووی زانستییه‌وه تابلۆكانت به ئه‌كادیمی ده‌زانی؟
ڕاسته من بڕوانامه‌ی كارگێڕیم هه‌یه و ده‌رچووی كۆلێژ و په‌یمانگه‌ی هونه‌ره جوانه‌كان نیم، به‌ڵام پێم وایه هونه‌ر عه‌شقی ده‌وێ، له‌هه‌مانكاتدا ده‌خوێنمه‌وه و هاوڕێی ئه‌كادیمی و پسپۆڕی شێوه‌كاریم زۆره كه سه‌رنجه‌كانیان به‌هه‌ند وه‌رده‌گرم.
له‌ڕووی داراییه‌وه تابلۆكانت سوودیان هه‌بووه؟
نه‌خێر چونكه خۆم زۆرتر به‌دیاری به‌خشیومن، مه‌گه‌ر كه‌سێك داوای تابلۆیه‌كی تایبه‌تی بكات و دروستی بكه‌م، ئه‌وكات نرخێكی له‌سه‌ر دابنێم، ئه‌گه‌رنا له پێشانگه‌كاندا تابلۆم نه‌فرۆشتووه .
پلانت بۆ داهاتووی هونه‌ره‌كه‌ت چییه؟
پێمخۆشه كافێیه‌ك بكه‌مه‌وه بۆ ژنان و هه‌رچی تابلۆی كچان و ژنانی شاره‌كه‌مه له‌گه‌ڵ تابلۆكانی خۆم هه‌ڵیانبواسم تا بینه‌ران چێژی ڕۆحی له دیتنیان ببینن .
وشه/ هه‌ڵه‌بجه - شه‌فیق بانیشاری