تەرمی هاووڵاتییەک لە رووباری ئەڵوەن دۆزرایەوە

:: PM:03:44:25/08/2019 ‌

دۆخی تەناهی خانەقین تا دێت بەرەو خراپی دەڕوات و ئەمڕۆ تەرمی هاووڵاتییەك کە ئاسەواری چەندان فیشەکی بەسەرەوە دیارە، لەناو رووباری ئەڵوەن دۆزرایەوە.

ئەمڕۆ یەکشەم 25ی ئاب، دیار شەوكەت، بەرێوەبەری پۆلیسی خانەقین بە "وشە"ی راگەیاند، نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەنێو رووباری ئەڵوەن لە نزیك پردی کۆرنیش تەرمی هاووڵاتییەك دۆزرایەوە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئەو هاووڵاتییە تەمەنی 46 ساڵە و ناوی محەمەد عەزیزە ، هۆكاری كوشتنەكەشی نادیارە و ئاسەواری چەندان فیشەکی بەسەر جەستەیەوە دیارە.

بەرێوەبەری پۆلیسی خانەقین دەڵێ، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتەوە و پۆلیس دەستی کردووە بە لیکۆڵینەوە تا بزانرێت هۆکاری کوشتنەکە چی بووە و بکوژەکان بدۆزرێنەوە.

سەرچاوەیەك لەبەشی دادوەری نەخۆشخانەی گشتی خانەقین بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، تەرمەکە شێوێنراوە و فیشەك بەر سەر و سنگی قوربانییەكە كەتووە .

حەسەن محەمەد وەک کاسبکارێک کە لە نزیک پردی کۆڕنیش کار دەکات دەڵێ، پردی كۆرنیش شوێنێکی قەرەباڵغە و پێدەچێ پێشتر هاووڵاتییەکە كوژرابێ و شەو لەو شوێنە فرێدرابێ ئەوەش بە گووتەی.

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - هیدایه‌ت جان