"وشە" دوا زانیاری لەسەر تەقەكردن لە بیرە نەوتەكانی شیواشۆك بڵاو دەكاتەوە

:: PM:05:50:25/08/2019 ‌
درەنگانی شەوی ڕابردوو لە گوندی گۆپتەپەوە تەقەیەكی زۆر لە كۆمپانیایی نەوتی شیواشۆك كراوە و بەوهۆیەوە بەشێكی زۆر لە كارمەندانی كۆمپانیاكە نێردراونەتەوە ماڵەوە، بەڵام پۆلیسی كۆیە دەڵێن، لیوایەكی نەوت و گاز لەو سنوورەیە و زانیاری تەواویان پێ‌ نەداون.

سەرچاوەیەك لە كۆمپانیای نەوتی شیواشۆك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، درەنگانی شەوی ڕابردوو تەقەیەكی زۆر لە كۆمپانیای نەوتی شیواشۆك كراوە. ڕوونیشی كردەوە كە سەرچاوەی تەقەكان دیارنین، بەڵام یەكەمجارە حاڵەتی لەمشێوەیە ڕوو دەدات.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوە كرد، ڕەنگە تەقەكان بەهۆی چەند ناكۆكییەكی ناو كۆمپانیاكە بووبێت كە لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕوویداوە.

لەلایەن ترەوە عەمید عەلی عەبدوڵا بەرێوەبەری پۆلیسی كۆیە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لیوایەكی نەوت و گاز ئەركی پاراستنی كۆمپانیای نەوتی شیواشۆكیان لە ئەستۆدایە و ئەوان لێكۆڵینەوە لەو كارە دەكەن.

ڕوونیشی كردەوە كە زانیاری تەواویان پێ‌ نەدراوە لەسەر تەقەكان، بەڵام ئاماژە بەوە كراوە كە تەقەكان چەند كیلۆمەترێك لە كەمپی كۆمپانیاكەوە دوور بووە.

بەگوتەی بەرێوەبەری گشتیی پۆلیسی كۆیە لێكۆڵینەوە لەلایەن لیوای نەوت و گاز لەوبارەیەوە دەستی پێ كردووە، بەڵام هیچ زانیارییەكیان بە پۆلیس نەداوە.

كۆمپانیای نەوتی شیواشۆك ماوەی چەندان ساڵە لەو سنوورەن و كار لەسەر دەرهێنانی نەوتی كێلگەكانی شیواشۆك و داربەڕوو و تەقتەق دەكەن.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم