مێردی ژنه‌كه‌ی به‌رده‌م زبڵدانه‌كه‌ی سلێمانی هۆكار بووه‌

:: PM:07:24:25/08/2019 ‌

شەوی ڕابردوو، ڤیدیۆیەک بڵاو کرایەوە کە ژنێک و دوو منداڵ لە شەقامی پیرەمێرد لە زبڵدانێکدا بە دوای خواردندا دەگەڕێن، بەڵام دەستەی مافی مرۆڤی سلێمانی لە دوای بە دواداچوون ڕاستیی ڕوداوەکەی ئاشکرا کرد.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌م (25ی ئاب) سابیر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نووسینگەی مافی مرۆڤ لە سلێمانی، بە "وشە"ی گوت: دوای ئەوەی رۆژی 24ی ئاب لە تۆڕی کۆمەلایەتیی فه‌یسبووك، ڤیدیۆی خێزانێک بڵاو کرایەوە، گوایە هەژارن و لە ناو زبڵدان بە دوای خواردن دەگەڕێن، ئەوەش بووە هۆی دەنگدانەوەی هەواڵەکە بۆ ئەو مەبەستە نووسینگەی مافی مرۆڤی سلێمانی بە دواداچونی کرد.

ئه‌و ده‌ڵێ، ئێمه‌ توانیمان لەگەڵ برای ئافرەتەکە گفتوگۆ بکەین و لە ڕاستیی هەواڵەکە بکۆڵینەوە، ناوبراو پێی ڕاگەیاندین، ئەو هەواڵە دوورە لە ڕاستییەوە ئەو خێزانە هەژار نین و باری داراییشیان باشە، ئەو کەسانەی لە ڤیدیۆکەدا دەردەکەون دوو منداڵن کە خوشکەزامە و ژنەکەش خوشکەکەمە، باوکی منداڵەکان شتێکی منداڵەکانی فڕێ داوە و منداڵەکانیش چوون بیهێننەوە، لەو کاتەشدا کەسێک ڤیدیۆی کردون و بڵاوی کردووەتەوە.

دوای ئەوەی خێزانەکە ڤیدیۆکە دەبینن داوا لە کەسەکە دەکەن ڤیدیۆکە بسڕنەوە ئەگەرنا سکاڵایان لەسەر تۆمار دەکرێت، هەر بۆیە لە پەیج و ئەکاونتەکان ڤیدیۆکانیان سڕیوەتەوە.

سلێمانی – ئاریان محەمەد



وشە - كوردۆ شابان