هه‌موو گریانێك سوودبه‌خش نییه‌

:: PM:08:04:25/08/2019 ‌

زۆر جار ده‌بیستین، گریان قازانج به‌ چاو ده‌گه‌یه‌نێ و پاكی ده‌كاته‌وه‌ و هه‌ندێك جاریش پێچه‌وانه‌كه‌ی ده‌بیستین، گوایه‌ چاو وشك ده‌كاته‌وه‌، له‌نێوان ئه‌و دوو بۆچوونه‌، له‌ ڕووی زانستییه‌وه‌ كامیان ڕاستتره‌؟

ئەو تەڕایییەی لە چاو دێتە دەر، بەهۆی گریان بێت یان هەوكردنەوە، یاخود هەر هۆكارێكی تر بێت، سوودی زۆر بە چاوەكان دەگەیەنێ، چونكە نایەڵی وشك ببێتەوە، بەمەش خانەكانی لەناو ناچن، بەڵام ئایا ئەگەر زۆریش بێت هەر سوود بەخشە؟

چەند فرمێسكە گلاندێك بە جۆگەی زۆر ورد و باریك چینێكی تەنكی فرمێسك بە ئەستووری 0.05ملم دەڕژێننە سەر چاوەكان، بەشی هەرە زۆری فرمێسك بەهۆی گەرمی دەوروبەر دەبێتە هەڵم، فرمێسكە گلاندەكان لەژێر كاریگەری دەزگای دەماری ئۆتۆنۆمیدان. 

هۆكارە فسیۆلۆژییەكانی زیاد فرمێسككردن بریتین لە: تەزووی بای سارد، تیشكی گەرمی خۆر بەتایبەتی لە كەشی هاویندا، هەموو جۆرە دووكەڵێك، تۆز و خۆڵ، تەنی بیانی ئەگەر بكەوێتە چاوەكان، وردكردنی پیاز، زیاد پێكەنین، پژمین (هەندێك جار)، غەم و كاریگەری سۆز واتە گریان كە تا میكانیزمی تەواوی نەزانراوە. 

هۆكارە نەخۆشییەكانی زیاد فرمێسككردن بریتین لە: هەوكردنی پێڵوەكان، هەوكردنی چینی كۆڕنیا Cornea، هەوكردنی ناوەوەی چاو، هەستەوەرە چاو، – تراكۆما، گیرانی ڕێڕەوی فرمێسك لەبەر هەر نەخۆشییەك. 

پێویستە ئەوەش بزانین كە تەڕبوونی چاو و فرمێسككردن سەدان جار باشترە لە كەم فرمێسككردن و وشكبوونی چاوەكان.



وشە - كوردۆ شابان