پەروەردەی هەولێر ڕوونكردنەوەیەك بڵاو دەكاتەوە

:: AM:09:19:26/08/2019 ‌
بەڕێوەبەری پەروەردەی هەولێر ئاشكرای دەكات، هیچ گۆڕانكارییەك لە تۆماری قوتابی بۆ پۆلی یەكەمی سەرەتایی نییە و بەهەمان ڕێنوێنی ساڵی ڕابردوو كار دەكەین.

ئەمڕۆ دووشەم 26ـی ئاب، بەشدار خۆشناو بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بۆ تۆماری قوتابی پۆلی یەكی سەرەتایی هیچ گۆڕانكارییەكی نوێ‌ نییە و بەپێی ڕێنوێنی ساڵی ڕابردوو قوتابی تۆمار دەكرێت.

بەڕێوەبەری پەروەردەی هەولێر گوتی، بۆ تۆمار كردنی قوتابی بۆ باخچەی ساوایان لە ڕۆژی یەكی ئەیلوول دەست پێ‌ دەكات، واتا لەگەڵ یەكەمین ڕۆژی دەستبەكاربوونەوەی مامۆستایان لە ناوەندەكانی خوێندن.

ڕوونی كردەوە، بۆ باخچەی ساوایان دوو ئاست هەیە، لەدایكبووانی ساڵی 2014 و 2015 دەگرێتەوە بەپێی ڕێنوێنییەكان كار دەكرێت.

ماوەی چەند ڕۆژێكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دەنگۆی گۆڕانكاری لە وەرگرتنی قوتابی لە ناوەندەكانی خوێندن بڵاو كراوەتەوە و هاووڵاتییانی نیگەران كردووە، بەڵام بەڕێوەبەری پەروەردەی هەولێر سەرجەم ئەو گۆڕانكارییانەی ڕەت كردەوە.

لە هەرێمی كوردستان ساڵان بۆ قۆناغی یەكەم نزیكەی 50 هەزار قوتابی ناونووس دەكرێت و دەچنە پرۆسەی خوێندن.



وشە - رامیار جەواد