ئەندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاشكرای دەكات، نووسراوێكیان لە ڕێی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بەرز كردووەتەوە بۆ ئەوەی ڕێگری بكرێت لە كردنەوەی بەنزینخانەی زیاتر لە هەولێر.
ئەمڕۆ دووشەم 26ـی ئاب، غازی عەلی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، نووسراوێكیان بەرز كردووەتەوە لە ڕێی سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بۆ ئەوەی چیتر ڕێ نەدرێ بەكردنەوەی بەنزینخانەی زیاتر لە هەولێر.
ئەندامەی ئەنجوومەن گوتی، پێشێلكاری زۆر هەیە لە كردنەوەی بەنزینخانەكان، بۆ نموونە بەنزینخانە لە تەنیشت نەخۆشخانە كراوەتەوە یان بەنزینخانە هەیە دروست كراوە پشتی ماڵە و گەڕەكە، بۆیە پێویستە بوەستێنرێن و ڕێ نەدرێت بەو شێوەیە سەرپێچی بكرێت.
باسی لەوەش كرد، دوای نووسراوەكە ئەوەی وەڵامی ئێمەیە و زانیومانە ئێستە كردنەوە و مۆڵەت پێدان بە بەنزینخانەكان كەم بووەتەوە و ڕێنوێنییەكان توند كراوەتەوە تا لە هەموو شوێنێك بەنزینخانە دروست نەكرێت.
ماوەی ساڵێكە لە هەولێر بەچەندان شێوە پێشێلكاری كراوە لە كردنەوەی بەنزینخانەكان و چەندان بەنزینخانە دروست كراون بەشێوەیەك لەگەڵ ڕێنوێنییەكان یەك ناگرێتەوە.