بەڕێوەبەری شارەوانی هەولێر ئاشكرای دەكات، ئێستە %70ـی زەوییە كارەتەكان تاپۆ كراون و تەنیا كەرتی باغەمرەی شەهاب ماوە تاپۆ بكرێت و سەرقاڵین تا كارەكانی ئەوێش تەواو ببێت.
ئەمڕۆ دووشەم 26ـی ئاب، سامان محەمەد بەڕێوەبەری شارەوانی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، وەك شارەوانی هەولێر سەرجەم ئەو زەوییانەی لە ڕابردوو دابەش كرابوون و كارت بوون %70ـی تاپۆ كراون.
بەڕێوەبەری شارەوانی هەولێر گوتی، ئێستە كێشەیەكی بچووك لە چەند پارچە زەوییەكی كەرتی باەغەمرەی شەهاب ماوە تا وەری بگرینەوە و كار دەكەین بۆ تاپۆكردنی ئەو بەشەش و سەرجەم زەوییەكانی كارەت دەبن بە تاپۆ.
باسی لەوەش كرد كەرتی باغەمرەی شەهاب نزیكەی 22 هەزار پارچە زەوی دەبێت و سنووری گوندەكەش دەكەوێـتە ناو زەوییە دابەشكراوەكان و لەلایەن یەكەی ئیداریی شارەدێكە دیاری دەكرێت.
لە ساڵانی ڕابردوو ژمارەیەكی زۆر زەویی هەولێر لەلایەن شارەوانی دابەش كرابوون و تاپۆ نەكرابوون، ئێستە هەوڵ دەدرێت سەرجەم ئەو زەوییانە تاپۆ بكرێن و بەفەرمی بەناوی خاوەنەكانیان بكرێت.