وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرای دەكات، بەدوای چارەنووسی ئەنفالكراوانی بادینان دەگەڕێین و باشتركردنی ژیانی كەسوكاریان بە پێشینەی كارەكانیان دەزانن.
ئەمڕۆ دووشەم 26ـی ئاب، لە بەیاننامەیەكی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتووە، 31 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر تاوانی دوا قۆناغی شاڵاوی بەدناوی ئەنفال كە بە هەشت قوناغ لە سەرانسەری كوردستان لە چوارچێوەی سیاسەتی لەناوبردن و قڕكردنی گەلی كوردستان لەلایەن رژێمی لەناوچووی بەعس جێبەجێ كرا.
وەزارەتی شەهیدان ڕوونی كردووەتەوە، قوناغی هەشتەمی شاڵاوی ئەنفال بادینانی كردە ئامانج لە 25ـی ئاب تا شەشی ئەیلوولی 1988 بەردەوام بوو، تیایدا نزیكەی سێ هەزار خەڵكی سڤیلی ئەم دەڤەرە هاوشێوەی ناوچەكانی تری كوردستان بەرەو چارەنووسێكی نادیار راپێچ كران و زۆرینەی دێهاتەكان وێران كراون و 36 گوند كیمیاباران كران.
باس لەوەش كراوە، دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق و دامەزراندنی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق، پرۆسەی ئەنفال لەو دادگایە وەك جینوساید پێناسە كرا و لە دیباجەی بڕیارەكەشدا ئەو تاوانەی بە دڕندانەترین تاوانی ئەو سەردەمە ناوی بردووە.
لە كۆتایی بەیاننامەكەدا هاتووە، وەك وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان سووربوونی خۆمان لەسەر جێبەجێكردنی مادەی 132 دەستوور دەكەینەوە و داوا لە حكوومەتی عێراق دەكەین پشتبەستوو بە بڕیاری داگای باڵای تاوانەكانی عێراق، قەرەبووی شایستەی مادی و مەعنەوی كەسوكاری قوربانیان بكاتەوە و بەهەموو تواناكانمان كار دەكەین بۆ دۆزینەوەی قوربانیانی ئەنفالی بادینان كە تا ئێستە چارەنووسیان نادیارە، باشكردنی گوزەران و ژیانی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە ئەولەویەتی كارەكانمان دەبێت.