فڕاكسیۆنی پارتی: "بڕیار" بوو بە چیرۆكی تراجیدی

:: AM:09:39:26/08/2019 ‌
فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان پەیامێك بڵاو دەكاتەوە و ڕوونی دەكاتەوە، بڕیاری پەپوولە بە هەست و شعوور و ڕۆحە پاك و بێگەردەكەی بەرەو لای باوكی ڕۆیشت و بوو بە چیرۆكێكی تراجیدی و پڕ دڵتەنگی بۆ هەموومان.

ئەمڕۆ دووشەم 26ـی ئاب، لە پەیامێكی فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان هاتووە، لەگەڵ بیستنی هەواڵی نەخۆشكەوتنی بڕیار كوڕی شەهید ئاسۆ كە ماوەیەك بەر لە ئێستە شەهید بوو، هەموو دڵتەنگ و دەستە و نزا بووین بۆ چاكبوونەوەی، بەڵام بڕیاری پەپوولە بە هەست و شعوور ڕۆحە پاك و بێگەردەكەی بەرەو لای باوكی ڕۆیشت و بوو بە چیرۆكێكی تراجیدی و پڕ دڵتەنگی بۆ هەموومان.
 
ڕوون كراوەتەوە، وەك فراكسیۆنی پارتی سەرەخۆشی لە دایكی جگەرسووتاو و بنەماڵە و كەسوكاری شەهید ئاسۆ دەكەین خوای گەورە ئارامییان پێ ببەخشێت و هاوسۆز و هاوخەمیانین. 

بەهۆی ئەوەی باوكی لە شەڕی داعش شەهید بوو، لەچەند ڕۆژی ڕابردوو منداڵێكی تەمەن پێنج ساڵە بە ناوی بڕیار ئاسۆ بەهۆی تێكچوونی باری تەندروستی لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شاری سلێمانی خرایە ژێر چاودێری پزیشكی و ئێوارەی دوێنێ‌ گیانی لە دەست دا.



وشە - رامیار جەواد