نیویۆرك تایمز وردەكاری هێرشێكی نهێنی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران ئاشكرا دەكات

:: AM:11:02:29/08/2019 ‌
هاوشانی هەوڵەكان بۆ گفتوگۆ و دانوستاندنی راستەوخۆ لەنێوان واشنتن و تاران، بارگرژییەكانیش تا دێت زیاتر دەبن و وەزارەتی دارایی ئەمەریكا دوو تۆڕی تری پێوەند بە ئێران خستە لیستی سزادراوان. نیویۆرك تایمز وردەكاری هێرشێكی ئەلیکترۆنی نهێنی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران ئاشكرا دەكات و دەڵێ، بەهۆی هێرشەكەوە تەواوی ئەو زانیارییانە كە بنكەیەكی سەربازی ئێران بۆ داڕشتنی پلانی هێرشكردنە سەر كەشتی نەوتهەڵگرەكان بەكاری دەهێنا، سڕاوەتەوە.

بەرپرسانی باڵای ئەمەریكی، وردەكاری هێرشێكی ئەلكترۆنی نهێنی بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەكانی ئێران بۆ رۆژنامەی "نیویۆڕك تایمز" ئاشكرا دەكەن.

بەگوێرەی راپۆرتی رۆژنامەكە بێت، بەهۆی هێرشەكەوە توانراوە تەواوی زانیارییەكانی بنكەیەكی داتا و زانیاری ئێرانی بسڕنەوە كە باڵی سەربازی ئەو وڵاتە بۆ داڕشتنی پیلانی هێرشكردنە سەر كەشتییە نەوتهەڵگرەكان لە كەنداوی عەرەبی بەنیاز بوون بەكاری بهێنن، بەمەش توانای تاران لە كردنە ئامانجی دەریایی لە كەنداو لەناو برا.

بەرپرسانی باڵای ئەمەریكی كە قسەیان بۆ نیویۆرك تایمز كردووە و نەیانویستووە ناوەكانیان ئاشكرا بكرێت، دەڵێن هێرشەكە مانگی رابردوو بەنهێنی ئەنجام دراوە، هێما بۆ ئەوەش دەكەن، ئێران هەوڵی گەڕاندنەوەی زانیارییەكان دەدات كە لە 20ـی تەمووزی رابردوو لە دەستی چووە، گوتی "هەوڵ دەدەن هەندێك لەو بەرنامانە بگەڕێننەوە، هاوكات تۆڕی پێوەندییە سەربازییەكانیش بە ئینتەرنێت ببەستنەوە كە پێشتر لە هێرشەكەدا پچڕێنرابوو".

گرژی و ململانێیەكانی ئەمەریكا و ئێران تەنیا لەسەر بەرنامەی ناوكی و سەپاندنی سزا نییە، بەڵكو گرژییەكی توند هەیە لەسەر هێرشی ئەلكترۆنی كە داتا و بانكە زانیارییەكانی دنیای تەكنەلۆجیا و ئینتەرنێت و هێرشی هاككەرەكان دەگرێتەوە، ئەمەش لە كاتێكدایە بەگوێرەی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دارایی ئەمەریكا، دوێنێ چوارشەم دوو تۆڕی كۆمپانیای جیهانی خرانە لیستی سزادراوان بەهۆی پێوەندی هەبوونیان بە ئێران.

بەرپرسانی ئەمەریكی دەڵێن، ئەوەی رووی دا هێرشێكی زۆر گرنگ بووە، بەتایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بڕیاری راگرتنی هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران بۆ تۆڵەسەندنەوە لە كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان راگرت.

هێرشەكە لە كاتێكدایە ئێرانیش بەردەوامە لە ئۆپراسیۆنە ئەلیكترۆنییەكانی دژ بە حكوومەتی ئەمەریكا و كۆمپانیا ئەمەریكییەكان، نورمان رۆل بەرپرسێكی باڵای پێشتری دەزگای هەواڵگری ئەمەریكی دەڵێ، ئەمەریكا و ئێران لە ململانێیەكی زۆر فراوانی جەنگی ئەلكترۆنیدان. روونی كردەوە، بێگومان ئەو ململانێ و جەنگەش هەمیشە بە ئۆپراسیۆنی نهێنی دەمێنێتەوە، چونكە هیچ لایەك ئامادە نییە بە ئاشكرا ئەو جەنگە بەڕێوە ببات و ددانی پێدا بنێت.


وشە - فه‌رمان سادق