سارا ئارام |34 ساڵ| نمایشكارێكی كوردی كه‌ركووكه و ماوه‌ی 25 ساڵه له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌ی له نیوزله‌ندا نیشته‌جێن. ئه‌و له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا وه‌ك خۆی ده‌ڵێ، له نیوزله‌ندا له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی ئاژانسه جیهانییه‌كانی تایبه‌ت به بواری فاشیۆن و ڕێكلام كارم كردووه، ئێسته‌یش خه‌ریكی ئاماده‌كاریم بۆ ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره له كوردستان.
به كورتی باسی ژیانی تایبه‌تیت بكه‌یت و كه‌ی بوو كوردستانتان جێهێشت؟
له‌دایكبووی كه‌ركووكم و خێزاندارم، خاوه‌ن كچێكی ته‌مه‌ن 13 ساڵانم، ماوه‌ی 30 ساڵه له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌م كه‌ركووكمان جێهێشت، نزیكه‌ی 25 ساڵه له نیوزله‌ندا نیشته‌جێین، ئه‌مساڵ به سه‌ردان گه‌ڕامه‌وه بۆ باشووری كوردستان و دڵم زۆر خۆش‌بوو به بینینی كوردستان و پێشكه‌وتنه‌كانی.
له كه‌یه‌وه ده‌ستت به كاری مۆدێل كردووه؟
دوای ئه‌وه‌ی له نیوزله‌ندا قوتابخانه‌م ته‌واو كرد، بۆ كاری هونه‌ری ده‌ستم به خوێندن كرد، واته به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی هه‌شت ساڵه كاری مۆدێل ده‌كه‌م و زۆربه‌ی كاره‌كانیشم له نیوزله‌ندا و دوبه‌ی بووه، بۆ ئاژانسه جیهانییه‌كانی تایبه‌ت به بواری فاشیۆن و ڕێكلام كارم كردووه.، دواتر له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی چینی كه ئۆتۆمبێلی گرانبه‌های نمایش ده‌كرد، كاری نمایشم بۆ كردن، به‌ڵام مه‌رجی به‌شداریكردنم ئه‌وه‌بوو كه به‌جلی پێشمه‌رگه‌وه ده‌ربكه‌وم و ئه‌وانیش ڕازی بوون، پاشان چه‌ندان كۆمپانیای تری جیهانی داوایان لێ كردم كاری نمایشیان بۆ بكه‌م.
تا ئێسته له كوردستان كاری مۆدێلت كردووه؟
به‌ڵێ ساڵی 2018 له كاتی كردنه‌وه‌ی لقێكی كۆمپانیای هاڤاڵ له هه‌ولێر كه كۆمپانیایه‌كی ئۆتۆمبێلی چینییه، یه‌كێك بووم له‌وانه‌ی نمایشم بۆ كۆمپانیاكه كرد، هه‌روه‌ها له كوردستان كاری نمایشم بۆ "nature beauty" كردووه و له داهاتوویه‌كی نزیكیشدا پڕۆژه‌ی ترم ده‌بێ له كوردستان و هیوادارم به سه‌ركه‌وتوویی ئه‌نجامی بده‌م.
له رابردوو مه‌به‌ستی گه‌ڕانه‌وه‌ت بۆ كوردستان چی بوو؟
مه‌به‌ستم سه‌ردان بوو دوای 30 ساڵ بۆ یه‌كه‌م جار سه‌ردانی كوردستان‌م كرد و زۆر دڵخۆشبووم به پێشكه‌وتنه‌كانی هه‌ولێر و كوردستان، له‌سه‌ر قه‌ڵای هه‌ولێر به ئاڵای كوردستانه‌وه وێنه‌م گرت. مه‌به‌ستێكی ترم ئه‌نجامدانی پڕۆژه‌یه‌ك بوو كه بۆ جاری داهاتوو به نیازم ئه‌نجامی بده‌م.
ساڵی 2018 گه‌وره‌ترین پڕۆژه‌ی فاشیۆن له‌سه‌ر ئاستی كوردستان و عێراق له هه‌ولێر به‌ڕێوه چوو، له‌م چالاكییه به‌شداریت كرد؟
نه‌خێر به‌شداریم نه‌كرد و نه‌متوانی بگه‌ڕێمه‌وه كوردستان، به‌ڵام ئه‌مساڵ بڕیاره بۆ دووه‌م جار هه‌مان چالاكی له كوردستان ئه‌نجام بدرێت و نیازم هه‌یه به‌شداری بكه‌م.
جگه له كاری مۆدێل، ڕۆژانه به چ كارێكی تره‌وه سه‌رقاڵی؟
جگه له كاری مۆدێل، ڕۆژانه ته‌نیا به كاری ماڵه‌وه خه‌ریكم.
وه‌ك ئه‌كته‌ر له فیلم و كلیپ و دراماكاندا ڕۆڵت بینیوه؟
چه‌ند جارێك وه‌ك ئه‌كته‌ر به‌شداریم له كلیپی گۆرانییه‌كان كردووه، به‌ڵام له دراما و فیلمه سینه‌ماییه‌كاندا هیچ ڕۆڵێكم نه‌بینیوه، چه‌ند جارێك بۆ فیلمه نیوزله‌ندییه‌كان داوام لێ كراوه، ته‌نانه‌ت ماوه‌یه‌ك پێش ئێسته له فیلمێكی نیوزله‌ندی داوا كرام به‌شداری بكه‌م، به‌ڵام تا ئێسته كاره‌كانی ئه‌و فیلمه ده‌ستی پێ نه‌كردووه.
ئه‌گه‌ر له كوردستان داوات لێ بكه‌ن وه‌ك ئه‌كته‌ر ڕۆڵ ده‌بینی؟
به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌گه‌ر داوام بكرێت بۆ نا، به‌شانازییه‌وه به‌شداری ده‌كه‌م، به‌ڵام ده‌بێ سه‌ره‌تا بزانم ڕۆڵم له كاره‌كه چی ده‌بێ و سیناریۆكه‌ی باس له چی ده‌كات، ئه‌گه‌ر كاره‌كان و سیناریۆكانم به دڵ بوو، بێگومان بڕیاری به‌شداریی ده‌ده‌م.
وشه/دیمانه‌ی محه‌مه‌د جه‌مال