"زوها حه‌دید" ئه‌ندازیاری به‌ریتانی به ڕه‌چه‌ڵه‌ك عێراقی، له دوای خۆی، 70 ملیۆن پاوه‌نی به‌جێ هێشت و دابه‌شی سه‌ر هاوكاران و خانه‌واده و ڕێكخراوه خێرخوازییه‌كه‌ی ده‌كرێ.
ڕۆژنامه‌ی "ئاركتیك جۆرناڵ" ئاشكرای كرد كه زوها حه‌دید، كۆمپانیاكه‌ی و به‌شێكی زۆری داهاته‌كه‌ی له وهسیهتنامهیهكدا كه به چوار به‌رپرسی كۆمپانیاكه‌ی داوه، دابه‌ش كردووه بۆ سه‌ر ئه‌ندامانی خانه‌واده‌كه‌ی و هاوكارانی و ڕێكخراوه خێرخوازییه‌كان، له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆمپانیایه‌كی ئه‌ندازیاری.
زوها له 31ی ئادار/ مارسی ساڵی ڕابردوو به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه له ته‌مه‌نی 66 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، ناوبراو له لیستی 100 ته‌لارسازی گه‌وره‌كه‌ی دنیادا بوو، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه، له‌و لیسته‌دا یه‌ك ژن و یه‌ك كه‌سی عه‌ره‌بی تێدا بوو كه زوها حه‌دیده.
ئه‌و ئه‌ندازیاره عێراقییه كه دنیای به شێوازه تایبه‌ته‌كه‌ی سه‌رسام كردبوو، كه مرد هاوسه‌ری نه‌بوو، هیچ منداڵێكیشی له دوای خۆی به‌جێ نه‌هێشتبوو، بۆیه ئه‌و به‌شه پاره‌یه‌ی بۆ خانه‌واده‌كه‌ی جێ هێشتووه، بۆ خوشك و براكانی بووه، ئه‌وی تری به‌شێكی زۆری بۆ "پاتریك شوماخه‌ر" بوو كه هاوه‌ڵی كاره‌كانی بوو كه پشكێكی زۆری پێ گه‌یشتووه.
زوها حه‌دید كچی وه‌زیری دارایی پێشتری عێراقه و له ساڵی 1950 له به‌غدا له دایك بووه و قۆناغی ناوه‌ندی و ئاماده‌یی له‌وێ ته‌واو كردووه. به‌كالۆریۆسی له ماتماتیكدا له زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له به‌یرووت له ساڵی 1971 به‌ده‌ست هێناوه و بڕوانامه‌ی خوێندنی باڵای ته‌لارسازی له له‌نده‌ن له ساڵی 1977 به‌ده‌ست هێناوه. له ساڵی 2016 مه‌دالیای زێڕینی پاشایه‌تی به‌ریتانیای پێ به‌خشرا كه له ساڵی 1848ـه‌وه ئه‌م مه‌دالیایه به باشترین ته‌لارسازی ئه‌و وڵاته ده‌به‌خشرێت.
وه‌ك له ڕاپۆرته‌كه‌دا هاتووه، حه‌دید كه زیاتر له هه‌زار پڕۆژه‌ی سه‌رنجڕاكێش و گه‌وره‌ی له 44 وڵات دیزاین كردووه، له دوای خۆی 70 ملیۆن پاوه‌نی جێ هێشتبوو، دوای باجدان گه‌یشته 68 ملیۆن، ئه‌مه‌ش ته‌نیا ئه‌و پارانه‌یه كه له به‌ریتانیا جێی هێشتوون. وه‌ك له وه‌سیه‌تنامه‌كه‌یدا هاتووه، به‌شێكی پاره‌كه‌شی بۆ كارمه‌ندانی كۆمپانیاكه‌ی داناوه.
ئه‌مانه‌ی خواره‌وه به‌شێكین له دیزاینه‌كانی زوها حه‌دید