ساڵانە نزیكەی ١٠٠ هەزار تۆن تەماتە لە وڵاتانی دراوسێوە هاوردە دەكرێت
تەماتە كە یەكێكە لە بەرهەمە سەرەكییەكان و ڕۆژانە خواستێكی زۆری لەسەرە، پلانەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ نەك هەر نەیتوانیوە لەو بەرهەمەدا كوردستان ئەرخەیان بكات و پشت بە بەرهەمی ناوخۆی ببەستێت، بەڵكو ساڵ بە ساڵ تەماتەی خۆماڵی كەمتر دەبێت، بە جۆرێك بڕی تەماتەی ناوخۆی ساڵی رابردوو بە بەراوردی بەرهەمی ساڵی ٢٠٠٩, 44% كەمترە.
لە بەیانییەوە تا دوای نیوەڕۆ فارس مەحموود بە دیار 30 سندووق تەماتەوە لە عەلوەی هەولێر وەستاوە و بۆی ساغ نابێتەوە، هەڵبەت ساغ نەبوونەوەی لەبەر ناشیرینی بەرهەمەكەی نییە، بەڵكو كەمتر لە نیوەی تێچووەكەی بۆ ناكاتەوە، بەرهەمی تەماتە كە تەنیا یەك ڕۆژ لەبەر تینی گەرمای ئەو بازاڕە خۆ دەگرێت و پێویستە بەهەر نرخێك بێت لە كۆڵی بكەیتەوە، دواجار لە ترسی خراپبوون هەر كیلۆیەك بە ١٥٠ دیناری عێراقی دەفرۆشێت، ئەوە لە كاتێكدایە بەپێی لێكدانەوەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ، تێچووی هەر كیلۆیەك بەرهەمی كشتوكاڵی ناوخۆ ٢٥٠ دینارە.
ئەوە دەستكەوتی ماندووبوونی فارس مەحموود كە ساڵانە نزیكەی ١٠٠ تۆن تەماتەی خۆماڵی پێشكەشی بازاڕ دەكات، ئەو هەموو ساڵێك لە سەرەتای مانگی شوبات شەتڵ لە بن نایلۆن دەچێنێت و دواتر دوای دوو مانگ دەیگوازنەوە ناو زەوییەكەی.
تەماتە ساڵانە دوو جار بەرهەم دەدات، لە كۆتایی مانگی حوەزیران بەری یەكەمی لێ دەكرێتەوە و مانگی تشرینی دووەمیش بەری دووەمی دەچننەوە.
فارس كە زیاتر لە نۆ مانگ لە بەرهەمهێنانی تەماتە ئارەقە دەڕێژێت، پار خێری لێ نەدیوە و ئەمساڵیش زیان دەكات و خەرجییەكەی دەرناهێنێتەوە. ئەو بۆ "وشە" دەڵێ "دۆخمان زۆر خراپە و كەسیش نییە بە هانامانەوە بێت".
ئەوە هەر بە تەنیا فارس نییە لە بازاڕ ڕەنجی ماندووبوونی بە زیان ساغ دەكاتەوە. هێرش كە ساڵانە زیاتر لە ٥٠٠ تۆن تەماتە دەخاتە بازاڕەوە، لە دۆخەكە ڕازی نییە و بۆ "وشە" ئەوەی دركاند، "تا ئێستە خێرم لە بەرهەمی ئەمساڵم نەكردووە و هەر بە زیان دەیفرۆشمەوە".
ئەو كە بەمایەی خۆی شوكرە و چاوی لەوەیە كرێی زەوییەكەی وەچەنگ بكەوێتەوە كە بۆ هەر ساڵێك هەشت ملیۆن دینار دەدات، كیلۆی تەماتەكەی ١٧٠ دینار زیاتری بۆ ناكات. عوسمان جووتیارێكی ترە و دەڵێ "ئەمساڵ زیانێكی زۆرم كردووە و ساڵێكی تر تەماتە ناچێنمەوە".
تەماتە یەكێكە لەو بەرهەمانەی زۆرترین خواستی لەسەرە و ڕۆژانە بە دەگمەن ماڵ هەیە كیلۆیەكی پێویست نەبێت، ساڵانە لە سەرەتاكانی مانگی پێنجەوە تۆوی تەماتە بە زەویدا دەكرێت، جووتیار بەهیوای ئەوەی بەخت یاوەریان بێت و ئەم ساڵە ڕەنج بە خەسار نەبن، چی وزە و توانای خۆیان و ماڵ و منداڵیان هەیە دەیخەنە سەریەك و چەندان مانگ لە پێگەیاندنی بەرهەمەكەدا ئارەق دەڕێژن، كەچی ڕەنج و ماندووبوونیان هیچیان بۆ ناهێنێت.
كاتێك ئەوە دۆخی بەرهەمهێنەرانی تەماتە بێت، ئامارەكان دڵخۆشكەر نابن و ساڵانە لەبری زیادبوون، بەرهەمی ناوخۆ كەمتر و كەمتر دەبنەوە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، لە 2018 بڕی بەرهەمی تەماتەی خۆماڵی ٦٦ هەزار و ٢٩ تۆن بووە، ئەو بڕە كە كەمتر لە نیوە و تەنیا ٤٠%ی خواستی بازاڕەكانی كوردستان پڕ دەكاتەوە، لەو ساڵەدا ٩٨ هەزار و ٩٤٨ تۆن تەماتە لە وڵاتانی دراوسێوە هاوردە كراوە.
ئەوە لە كاتێكدایە بەرهەمی تەماتەی 2017ی ناوخۆ بە ٨٣ هەزار و ١٠٧ تۆن ٤٩%ی خواست و لە ساڵی ٢٠١٦دا كوردستان ٨٦ هەزار و ٢٠٥ تۆن بەرهەمی تەماتەی هەبووە.
سەرباری پلانی وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەبارەی بووژاندنەوەی كەرتی كشتوكاڵ، لە بری زیاتربوون، بەرهەمی ناوخۆی تەماتە ساڵ بە ساڵ كەمتر بووە، بە ئاستێك بەرهەمی ١٠ ساڵ لەمەوبەری، نزیكەی دوو هێندەی بەرهەمی 2018یە كە هەر بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ، لە ساڵی ٢٠٠٩ بڕی بەرهەمی تەماتەی خۆماڵی ١١٨ هەزار و ٣٧ تۆن بووە.
واتە بڕی بەرهەمی تەماتەی ناوخۆی ساڵی ٢٠١٨، بە بەراوردی ساڵی ٢٠٠٩، ٥٢ هەزار و هەشت تۆن تەماتەی خۆماڵی كەمی كردووە.
جووتیارانی داخبوو بە تەماتە چاویان لە حكوومەتە یارمەتییان بدات و خۆیان دەڵێن، "ئەگەر ساڵانە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بنەتۆ و كیمیایی و وەك جاران پارەی گواستنەوەی بەرهەمەكانمان پێ بدات و گرفتی بە بازاڕكردنمان بۆ چارەسەر بكات، دۆخمان باش دەبێ و دەتوانین لە بەرهەمهێنان بەردەوام بین، بە پێچەوانەوە ئەگەر هەر بەو شێوەیە زیان بكەین، ناتوانین بەردەوام بین".
لە بەرانبەردا وەزارەتی كشتوكاڵ جگە لە دانانی باج لەسەر بەرهەمی هاوردە كە ساڵانە وەك پاڵپشتكردنی جووتیاران، لە كاتی پێگەیشتنی بەرهەمی ناوخۆ، گومرگی هاوردەی ئەو بەرهەمە بەرز دەكرێتەوە، كە بۆ هەر تۆنێك سەوزە و میوە ٢٥٠ هەزار تا ٣٠٠ هەزار دینارە، بە بیانووی تەنگژەی داراییەوە دەستەوەستانە.
ئێستە كەس بە حاڵی جووتیارانی بەرهەمی تەماتەی كوردستان نەبێت كە لە بازاڕەكان بەرهەمی ڕەنج و ماندووبوونیان بە زیان دەفرۆشنەوە، لەكاتێكدا كۆی بەرهەمیان ٤٠%ی خواستە، بازاڕەكانی كوردستان كە خێرێكی بۆ جووتیارانی ناوخۆ پێ نییە، شوێنێكی باشی ساغكردنەوەی بەرهەمی تەماتەی وڵاتانی دراوسێن، كە ساڵانە زیاتر ٦٠%ی خواست هاوردەن و بەهۆیانەوە ملیۆنان دۆلار دەچێتە دەرەوە.
هەولێر/ چواس خالید