پاڵاوگە نایاساییەكانی سلێمانی لەبەر 200 ملیۆن دینار داناخرێن

:: PM:06:09:04/09/2019 ‌
"كەسی بەرپرس و گەورە لە پشتیانەوەن بۆیە تا ئێستە نەتوانراوە بە یەكجاری ئەو پاڵاوگانە لاببرێن".

پاڵاوگە نایاساییەكانی سلێمانی ژمارەیان 24 دانەیە و تا ئێستە بەردەوام لە كاركردن، لە كاتێكدا لە هەولێر و دهۆك داخراون. ئیدارەی شارەكە نەیتوانیوە دەست بە داخستن و لابردنیان بكات. هەرچەندە سەرۆكی لیژنەی پیشەسازیی ئەنجوومەنی پارێزگاكە دەڵێت، پاڵاوگەكانی سلێمانی ئێستەیش بەرهەمیان هەیە و گازوایل بۆ موەلیدەی گەڕەكەكان بەرهەم دێنن لە كاتێكدا مەترسیدارن و رۆژ بە رۆژ زیانی زیاتر بە ژینگە و هاووڵاتییان دەگەیەنن.

بەگوێرەی بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لابردنی پاڵاوگە نایاساییەكان لە چوارچێوەی داخستندا نییە، بەڵكو دەبێ هەموو كەرەستەكانیان لاببەن و زەوییەكە ڕادەستی لایەنی پێوەندیدار لە حكوومەت بكرێتەوە.

بڕیارەكە لە هەولێر و دهۆك جێبەجێ كراوە، بەڵام هێشتا لە سلێمانی ماونەتەوە، وەك لەم بەدواداچوونەی "وشە"دا دەردەكەوێت، لەبەر نەبوونی 200 ملیۆن دینار داناخرێن، هەرچەندە پەرلەمانتارێك دەڵێ "بەرپرسانی لە پشتە، بۆیە داناخرێن".

كەریم عەلی سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەتایبەت لە سنووری شاری سلێمانی، 26 پاڵاوگە هەن، بەڵام 24یان شوێن و ناونیشانیان هەیە و دووانەكەی تر تەنیا بە ناو هەن، ئەو 24 پاڵاوگەیە تا ئێستە بەردەوامن لە كاركردن و بەرهەمیان هەیە و گازوایلی موەلیدە ئەهلییەكانی ناو گەڕەگەكان دابین دەكەن.

بەگوتەی كەریم عەلی "لە كاتی دەرچوونی بڕیارەكە، بڕە پارەیەك دانراوە بۆ ئەوەی لیژنە و ئامێری گواستنەوە و تێچووی ئەو پاڵاوگانەی لادەبرێن پارەیان بۆ خەرج بكرێت، بۆ پارێزگای سلێمانی بڕی 200 ملیۆن دینار دیاری كراوە، بەڵام ئێستە بە بیانووی نەدانی ئەو پارەیە هەنگاو نەنراوە بۆ لابردنی ئەو پاڵاوگانە، جگە لەمە دەبێ زەوییەك لەلایەن شارەوانی دابین بكرێت بۆ گواستنەوەی كەلوپەل و ئامێری پاڵاوگەكان، ئەوەش نەكراوە".

بەشێكی زۆری ئەو پاڵاوگە نایاساییانەی سلێمانی لە ناوچەی تانجەرۆن، وەك سەرۆكی لیژنەی پێوەندیدار لە پارێزگای سلێمانی ئەوە دەخاتە ڕوو كە "جێی مەترسین بۆ داهاتوو، لەلایەك ئاوی ناوچەكە و ژینگە پیس دەكەن، لەلایەكی تریشەوە ڕێگەوبان تێك دەدەن، پاشماوەكانیشی كاریگەری خراپ لەسەر زەوییە كشتوكاڵییەكان دروست دەكەن".

هاوكات بەختیار عەبدولڕەحمان بەرپرسی سووتەمەنی و لیژنەی لابردنی پاڵاوگەكانی سلێمانی لە دیوانی پارێزگا، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، كۆتا نووسراو كە بە دەست ئەوان گەیشتووە، باس لەوە دەكات هیچ ئەملاوئەولا نەماوەتەوە بۆ پاڵاوگە نایاساییەكان و پێویستە هەموویان لاببرێن، واتە داخستن نییە، بەڵكو دەبێت بە یەكجاری لاببرێن.

بەگوتەی بەختیار "تەنیا لەسەر ئەوە وەستاوین پارە دابین بكرێت بۆ لیژنەكە و كۆی لابردنی پرۆسەكەیش پێویستی بە 200 ملیۆن دینار هەیە و تا ئێستە ئەو پارەیە دابین نەكراوە".

لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 200 پاڵاوگەی نایاسایی هەن، لە هەولێر زۆرترین پاڵاوگە هەبوون كە ژمارەیان 118 دانە بوو، لە سلێمانی 24 پاڵاوگە و لە دهۆكیش 31 پاڵاوگە.

پێشتر "وشە" بڵاوی كردەوە كە پاڵاوگە نایاساییەكانی هەولێر دەست بە داخستنیان كراوە و زیانی 500 ملیۆن دۆلار لە خاوەنەكانیان دراوە. لە بەرانبەردا داوا كرا بە یاسایەكی نوێ كاركردنی پاڵاوگەكان رێك بخرێتەوە.

بەرپرسەكەی دیوانی پارێزگای سلێمانی گوتی، "هێز پێكهاتووە بۆ پاراستنی ئەو لیژنەیەی پاڵاوگەكان لادەبەن و ئامێرەكان كۆ دەكەنەوە". دووپاتیشی كردەوە كە پاڵاوگە نایاساییەكانی سلێمانی زۆر پێشكەوتوو نین و ئامێری گرانبەهایان نییە، نرخیان زۆر نییە و كۆی پاڵاوگەیان ناگاتە سێ ملیۆن دۆلار بە خەمڵاندنی خێرا.

"پاڵاوگە هەیە تەنیا دوو تانكەری داناوە، تا ئێستە هیچكام لە خاوەنەكانیان نەهاتوون سكاڵا بكەن و بڵێن پاڵاوگەكەیان بەهاكەی ملیۆن دۆلار دەبێت و زیان دەكات، تەنانەت هەندێكیان ناتوانرێ پێیان بگوترێت پاڵاوگە" بەختیار وای گوت.

باسی لەوەش كرد، پێشتر ئەو پاڵاوگانە نەوتی ڕەشیان پێ دەدرا و بەرهەمەكانیان لێ دروست دەكرد، بەڵام ئێستە نەوتی ڕەشیان پێ نادرێت، شك نابەین كەسی بەرپرس لە پشت ئەو پاڵاوگانەوە بن، بەڵام خاوەنەكانیان داوایان كردووە لا نەبرێن، بەڵام بەپێی بڕیارەكەی ئەنجوومەنی وەزیران ئەو زەوییەی كە پاڵاوگەكەی لەسەرە، ناتوانن هیچ پڕۆژەی تر بكەن، هیچ كەسێكیش نابەخشرێت و چارەكەی تەنیا لابردنە.

شێركۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، هەوڵ هەیە بۆ لابردنی ئەو پاڵاوگە نایاساییانە، بەڵام تا ئێستە هەوڵەكان هیچ ئاكامێكی نەبووە، هاوكات هەوڵ هەیە پێوەری زانستی دابنرێت بۆ پاڵاوگەكان بۆ ئەوەی پابەندی مەرج و ڕێنوێنییەكان بن و ژینگە پیس نەكەن، مۆڵەتی فەرمی وەربگیرێت و بەپێی ستاندارد كار بكەن.

جەودەت پێی وایە كە پاشماوەی پاڵاوگەكان دەچێتە ناو زەوی و تێكەڵ بە ئاوی ژێرزەوی دەبێت و زیانی تەندروستی بە هاووڵاتییان دەگەیەنێت، هەر لەسەر زەویش پاشماوەكەیان تێكەڵ بە ئاو دەبێت، هەرچی دووكەڵەكەیانە تێكەڵ بە هەوا دەبێت و ژینگە پیس دەكەن و لەوێشەوە زیان بە تەندروستی هاووڵاتییان دەگەیەنن. 

وەك شێركۆ جەودەت دەڵێت "ئەو پاڵاوگانە ئەگەر هی كەسی ئاسایی بوونایە دەمێك بوو لابرابوون، بەڵام بەهۆی ئەوەی كەسی بەرپرس و گەورە لە پشتیانەوەن، تا ئێستە نەتوانراوە بە یەكجاری لاببرێن."

سلێمانی/ هۆشیار عەلی 



وشە - وشه‌