خورادنەوە گازییەكان تەمەن كورت دەكەنەوە

:: AM:11:09:05/09/2019 ‌

توێژینەوەیەكی نوێ دەری خستووە خواردنەوە گازییەكان لە تەمەنی مرۆڤ كەم دەكەنەوە و داوا كراوە ئەوانەی حەز دەكەن زیاتر بژین، پێویستە لەو جۆرە خواردنەوانە دوور بكەونەوە.

بەگوێرەی ئەنجامەكانی توێژینەوەیەك كە بۆ ماوەی 19 ساڵ لە 10 وڵاتی ئەوروپی كاری لەسەر كراوە و 450 هەزار كەسی خۆبەخش تێیدا بەشدارییان كردووە، ئەو كەسانەی رۆژانە دوو پەرداخ خواردنەوەی گازی دەنۆشن زیاتر تووشی نەخۆشییە مەترسیدارەكان دەبن. ئەنجامەكانی ئەم توێژینەوەیە لە گۆڤاری بەناوبانگی ئەنجوومەنی پزیشكی ئەمەریكا "جاما" بڵاو كراوەتەوە.

دكتۆر شارون بێرگكیست مامۆستا و پسپۆڕی پزیشكی لە زانكۆی ئاتلانتا گوتوویەتی، خواردنەوە گازییەكان بەتایبەت ئەوانەی شەكریان زۆرە، دەبنە هۆی تێكدانی ریخۆڵە و سیستمی بەرگری لەشیش بە تەواوی لاواز دەكەن و دواجار دەبنە هۆی هەوكردن و هێنانەكایەی هەندێك نەخۆشی باكتریایی كە چارەسەركردنیان ئاسان نییە.

هەروەها باسی لەوە كردووە ئەوانەی رۆژانە دوو پەرداخ یان زیاتر خواردنەوەی گازی دەنۆشن بە تایبەت ژنان كە تەمەنیان لە 50 ساڵی تێپەڕی، ئەگەری جەڵتەی دڵ بۆیان زیاتر دەبێت. قەڵەوی، شەكرە و هەندێك نەخۆشی تری پێوەندیدار بە دڵ لەو جۆرە خواردنەوانەوە سەرچاوە دەگرن.

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا" لە ئاداری ئەمساڵیش توێژینەوەیەكی تر بڵاو كرایەوە كە نیشانی دەدات ئەم جۆرە خواردنەوانە مەترسی مردن لە ناو ژناندا بە رێژەی 63% و لە ناو پیاوانیشدا بە رێژەی 29% زیاد دەكەن.

هاوكات باس لەوە كراوە تا زیاتر ئەم جۆرە خواردنەوانە بخورێن مەترسییەكانیش زیاتر دەبن و ئەوەش بەو واتایە نییە ئەوانەی كەم دەخۆنەوە، تووشی هیچ كێشەیەك نابن، بەڵكو ئەوانەی رۆژانە پەرداخێكی بچووكیش خواردنەوەی گازی دەنۆشن، ئەوا ئەگەری جۆرەكانی شێرپەنجە بە رێژەی 18% و شێرپەنجەی مەمكیش بە رێژەی 22% بەرز دەكاتەوە.



وشە - سلێمان تاشان