ئامۆزاكەی زانیاری نوێ لەسەر بەغدادی ئاشكرا دەكات

:: PM:02:48:05/09/2019 ‌


ئامۆزای ئەبوبەكر بەغدادی باس لە ناكۆكییەكانی ناو داعش دەكات و دەڵێ، داعش گیرۆدە بووە بەدەست توندڕۆیی توندی سعوودییەكان. رەباح عەلی ئیبراهیم ئەلبەدری هاوڕێی منداڵی و ئامۆزا و كوڕە پوری، ئەبوبەكر بەغدادی، باس لە ناكۆكییەكانی ناو داعش دەكات و دەڵێ، ئەبوبەكر بەغدادی پێی گوتووە كە بەدەست توونسی و سعوودییەكان گیرۆدە بووینە.

ئەمڕۆ پێنجشەم پێنجی ئەیلوول، ددانپێدانانی رەباح عەلی ئیبراهیم ئەلبەدری ئامۆزای ئەبوبەكر بەغدادی سەركردەی داعش بڵاوبووەوە، ئەو باس لە ناكۆكی و دوولەتبوونی قوڵ لەناو داعش دەكات و دەڵێ، داعش بەدەست داعشە سعوودییەكان دەناڵێنێت، چونكە زیادەڕۆیی لە توندڕۆیی دەكەن.

رۆژنامەی "قەزا" كە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری خاوەنداریەتی لێ دەكات، ددانپێدانانی رەباح بڵاو دەكاتەوە كە لە دیوانی كشتوكاڵ كاری كردووە، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە هۆشداریان پێ دراوە نابێت كەسە نزیكەكانی بەغدادی لەو نزیك ببنەوە تەنیا یەك برای نەبێت كە پارێزگاری لێ دەكات، ئەمەش لە ترسی گرتنی كەسە نزیكەكانی لەلایەن دامەزراوە تەناهییەكانی عێراقی تا جێی بەغدادی ئاشكرا نەكەن.
 
رەباح باس لە یەكەم دیتنی ئەبوبەكر بەغدادی دەكات دوای ئەوەی دەبێتە سەركردەی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، هێما بۆ ئەوە دەكات كە رۆژێك چەند كەسێك خۆیان پێ ناساندووە و بە ئۆتۆمبێلێكی كیای بارهەڵگر ئەویان بردۆتە لای ئەبوبەكر، گوتی "چاویان بەستم، نەمزانی بەكوێدا رۆیشتین و چووین بۆ كوێ، وەختێك چاوم كرایەوە ئەبوبەكر بەغدادیم بینی، ئەمەش منی شۆك كرد و هیچ كاتێك چاوەڕوانی ئەوەم نەدەكرد"، زیاتر گوتی "بەغدادی لە خانوویەكی بچووكی 150 مەتری دەژیا و كەسێكی جزراوی سعوودی لا بوو، ئەو پرسیاری لە كەسوكار كرد و پێی گوتم پێویستە بیانگوێزمەوە بۆ ناوچەیەكی ئارام تا نەكرێنە ئامانج".

ئامۆزاكەی بەغدادی ئەوەی خستەڕوو كە بە سەركردەی داعشی گوتووە ناكۆكی زۆر لەناو داعش سەری هەڵداوە و هەمووان باس لە بزربوونی ئێوە دەكەن، گوتی "بەغدادی پێی گوتم، گیرۆدە بووین بە كەسانێك كە لە دژی ئێمە كار دەكەن"، زیاتر گوتی "ناكۆكییەكان هێندە پەرەیان سەند گەیشتە قۆناغی كودەتا كە سەركردە بیانی و عەرەبەكان لە پشتەوەی بوون، لەناو عەرەبەكانیش توونسییەكان بە پلەی یەكەم، پاشان سعوودییەكان كە زۆر توندڕۆ بوون".
 
هاوڕێ منداڵییەكەی خەلیفەی داعش، زیاتر روونی دەكاتەوە كە بەغدادی نیشانەی ماندبوو بوون و چوونە تەمەنی پێوە دیار بوو، هێشتا نەشتەرگەرییەكەی كە بۆ گوێی چەپی كردبووی لە بوكەمال لە سووریا، ئازاری دەدا، شوێنی نیشتەجێ بوونەكەی هێندە دوور نییە لە ناوچەی شەعفەی سووری تەنیا 15 خولەك نەبێت، ئەمەش دەیسەلمێنێت لەو ناوچەیە هێندە دوور نییە.

"بەهەمان شێوازی بەغدادیم بینی، منیان چاو بەست كرد و گەڕاندمیانەوە بۆ شوێنی خۆم، بەغدادی بڕێك پارەی پێدام، منیش یەكەم كەسم لە كەسە نزیكەكانی ئەو دەبینم، ئەوەش یەكەم و دوا دیدارمان بوو". رەباح وای گوت.

فەرمان



وشە - فه‌رمان سادق