ریڤاڵدۆ گەڕایەوە یانەی بەرشەلۆنە
ریڤالدۆی ئەستێرەی پێشووی بەڕازیلی دوێنێ سێشەم بەسەردانێك گەیشتە یانەی بەرشەلۆنە و پێشوازییەكی گەرمیشی لێ كرا.
لەو سەردانەدا ریڤالدۆ لەلایەن جۆسیپ ماریا بارتومیۆی سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە و جێگرەكەی جۆردی میستری پێشوازییەكی گەرمی لێ كرا.
لەكاتی سەردانەكەیدا تەلەفزیۆنی فەرمی یانەی بەرشەلۆنە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ ریڤالدۆ كرد و رایگەیاند: دڵخۆشم دەگەڕێمەوە ئەو یانەیەی ماوەی 5 ساڵ یارییم تێدا كرد، لەگەڵ ئەو یانەیشدا چەندان دەستكەوتنی گەورەمان بەدەستهێنا. جەختیشی كردەوە كە هەرگیز یانەی بەرشەلۆنەی لەبیر ناچێت و تا لە ژیاندا مابێت دڵی هەر لەگەڵ ئەو یانەیەیە.
ریڤالدۆ كە لە ساڵی 1999 خەڵاتی باشترین یاریزانی جیهانی بردبووەوە، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی ئەگەر لە یاری ئەستێرەكانی یانەی بەرشەلۆنە بانگهێشت بكرێت و تەنانەت ئامادەیی خۆشی پێشاندا لە ساڵێكدا 6 یاریی بكات.
جێی باسە سەرۆكایەتیی یانەی بەرشەلۆنە ماوەیەكە خەریكی ئەوەیە ئەستێرەكانی پێشووی یانەكەی كۆ بكاتەوە و لەچەند وڵاتێكدا یارییان بۆ ئەنجام بدات كە هەم وەك ریكلامێك و هەمیش داهاتێك بۆ یانەكە دەبێت.
وشە -
ئامانج ئهكرهم