رۆژنامەیەكی ئینگلیزی ئاشكرای دەكات.. گریزمان وەرزی داهاتوو لە مانچستەر یونایتد یاریی دەكات

:: PM:12:24:18/01/2017 ‌

رۆژنامەیەكی ئینگلیزی ئاشكرای كرد كە بەرپرسانی هەردوو یانەی مانچستەر یونایتد و ئەتلەتیكۆ مەدرید لەسەر گرێبەستكردنی ئەنتوان گریزمانی هێرشبەری فڕەنسی رێككەوتوون و ئەو سێیەم باشترین یاریزانەی جیهان وەرزی داهاتوو لە خولی نایاب ئینگلیزی یاریی دەكات.

رۆژنامەی (ئیندپندت)ی بڵاوی كردەوە: بەرپرسانی هەردوو یانەكە بەتەواوی لەسەر بەهای گرێبەستەكەی گریزمان و مووچەكەی و تەنانەت ژمارەی درێسەكەشی رێككەوتوون و هاوینی داهاتووش بەفەرمی گرێبەستەكە دێتە راگەیاندن.

بەگوێرەی رۆژنامەكە یانەی مانچستەر یونایتد رازی بووە ئەو بڕە پارەیە بدات كە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید بۆ دەستبەرداربوون لەو یاریزانە تەمەن 25 ساڵییە دیاری كردووە كە 89 ملیۆن پاوەنە.

سەرچاوەكە بڵاویشی كردەوە كە یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید داوای لە بەرپرسانی یانەی مانچستەر یونایتد كردووە تا هاوینی داهاتوو بووەستن بۆ ئەوەی دڵنیا بێتەوە كە ئایا یەكەتیی تۆپی پێی ناودەوڵەتی (فیفا) سزاكەی سەری سووك دەكات یان نا.

فیفا وەرزی رابردوو سزای بەسەر هەردوو یانەی ریال مەدرید و ئەتلەتیكۆ مەدرید سەپاند بەهۆی پێشێلكردنی یاسای گرێبەستكردن لەگەڵ یاریزانانی خوار تەمەن 18 ساڵی و بەهۆیەشەوە تا ساڵی 2018 ناتوانێ گرێبەست لەگەڵ هیچ یاریزانێكی نوێ ئیمزا بكات، چەند مانگێك پێش ئێستاش یەكەتییەكە سزاكەی سەر یانەی ریال مەدریدی سووك كرد، بەڵام سزاكەی ئەتلەتیكۆ مەدرید تا ئێستا وەك خۆی ماوەتەوە.

ئەگەر سزاكەی یانەی ئەتلەتیكۆ مەدرید سووك كرا، ئەوا هاوینی داهاتوو یانەكە دییگۆ كۆستای هێرشبەری پێشووی یانەكەی و ئێستای یانەی چێڵسیی ئینگلیزی دەگەڕێنێتەوە و لە شوێنی گریزمان یاریی پێ دەكات.

جێی باسە گرێبەستەكەی گریزمان لەگەڵ یانەی مانچستەر یونایتد لەسەر داوای جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری یانەكەیە كە دەیەوێ لە رێگەی ئەو یاریزانەوە هێڵی هێرشبەری یانەكەی بەهێز بكات و دووبارە یانەی شەیتانە سوورەكان بگەڕێنێتەوە دۆخی جاران و لە بەدەستهێنانی ناسناوەكانی ئینگلتەڕا و ئەوروپا نزیكی بكاتەوە.  



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م