ئێران به جووڵاندنی پاسدار مه‌ترسیی له‌سه‌ر سنووره‌كان دروست ده‌كات
ئێران ژماره‌یه‌كی زۆر له سوپای پاسداران و جبه‌خانه‌ی بردووه‌ته سه‌ر سنووره‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، حزبه كوردییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتیش مه‌ترسیی خۆیان له‌سه‌ر هێرشكردنه سه‌ریان له‌لایه‌ن سوپای پاسدارانه‌وه ناشارنه‌وه. هاوكات چاودێرانی سه‌ربازیی هێنانی ئه‌و هێزه‌ی پاسداران به مه‌ترسیی بۆ سه‌ر هه‌رێم ده‌زانن.
ئێران به تیمی ١٥٠، ٣٠٠ و ٤٠٠ پاسداری سه‌ر سنووره‌كانی هه‌رێمی كوردستانی پڕ كردووه‌ته‌وه و ناوه‌ناوه‌یش مانۆڕی سه‌ربازیی له‌و سنوورانه ئه‌نجام ده‌دات. به گوته‌ی به‌رپرسانی حزبه كوردییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ئه‌مه یه‌كه‌مجاره ئێران به‌و ژماره زۆره پاسدار بباته سنووره‌كانه‌وه.
له رابردوودا ئێران له‌ناو هه‌رێم بۆردمانی باره‌گه‌ی حزبه كوردییه‌كانی ئۆپۆزسیۆنی كۆماری ئیسلامیی كردووه و كوشتنی به كۆمه‌ڵی ئه‌نجام داوه، جیا له‌و هه‌وڵه لابه‌لایانه‌ی تاك تاك كادره كورده‌كان ده‌كاته ئامانج.
خالید وه‌نه‌وشه جێگری به‌رپرسی سیاسیی نیزامی حزبی دیموكراتی كوردستان به"وشه"ـی ڕاگه‌یاند كه به دووری نابینن له دواتردا ئه‌و هێزانه‌ی سوپای پاسداران هێرش بكه‌نه سه‌ر بنكه و باره‌گه‌كانیان.
وه‌نه‌وشه زیاتر گوتی، "له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو گوشاره نێوده‌وڵه‌تییانه‌ی له‌سه‌ر كۆماری ئیسلامییه، بێگومان ده‌ست له هیچ تاوانێك ناپارێزێت، ئێسته‌یش سوپای پاسداران به هاوكاریی له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی قه‌رارگه‌ی ڕه‌مه‌زان، هێزێكیان كۆ كردووه‌ته‌وه تایبه‌ت به كوردستانی ڕۆژهه‌ڵات."
"وشه" له سه‌رچاوه‌ی ناو حزبه‌كانی ئێرانه‌وه ئه‌وه‌ی زانیوه سوپای پاسداران بوون به ٢٠ گرووپ و چه‌ك و جبه‌خانه‌ی زۆریشیان پێیه، پێكدادان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یش چاوه‌ڕوانكراوه.
فوئاد خاكی به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌كانی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران به"وشه"ـی ڕاگه‌یاند، "سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران هێزێكی زۆری له سنووری ڕۆژهه‌ڵات و باشووری كوردستان كۆ كردووه‌ته‌وه و چه‌كی قورس و مووشه‌كی له هه‌ندێ شوێن جێگیر كردووه."
به‌رپرسی پێوه‌ندییه‌كانی حدكا ده‌ڵێ، "كۆكردنه‌وه‌ی ئه‌و هێزه بۆ توندوتۆڵكردنی سنووره‌كان و ڕێگریكردنه له هه‌ر چالاكییه‌كی سه‌ربازی له‌لایه‌ن حزبه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانه‌وه."
جگه له‌و به سهربازگهكردنهی سنووره‌كان، هاوكات ئێران سه‌رقاڵی گرتنی سنووره‌كانه به ته‌لی دڕكاوی و ده‌ستدرێژیشی كردووه‌ته سه‌ر به‌شێك له مه‌ڕوماڵاتی گوندنشینه‌كانی سه‌ر سنوور، به تایبه‌ت له سیده‌كان و گونده‌كانی ده‌وروبه‌ری.
ئارام موده‌ڕیسی ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان به"وشه"ـی گوت، "له دوو ساڵی ڕابردوو له پڕۆژه‌یه‌كدا كه هه‌مانبوو بۆ ئه‌وه‌ی له سنووره‌كان نزیك بینه‌وه، هێزی پێشمه‌رگه‌مان له ناوچه سنوورییه‌كانی كوردستان له نێوان سنووره‌كانی باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان جێگیر كردووه، سوپای پاسدارانیش هێزێكی زۆری هێناوه‌ته سه‌ر سنووره‌كان به چه‌كی قورس و نیوه قورس."
روونی كرده‌وه، "مه‌ترسیی ته‌واومان هه‌یه هێنانی ئه‌و پاسدارانه له هه‌ر ئانوساتێكدا هێرش بكه‌نه سه‌ر بنكه و باره‌گاكانمان، ئێمه‌ش ئاماده‌یی خۆمان وه‌رگرتووه و پلان و به‌رنامه‌مان داناوه."
به‌ڵام به‌بڕوای هێز و لایه‌نه سیاسییه كوردییه‌كان، هه‌ر په‌لامار و سنوور به‌زاندن و هه‌ڵگیرساندنی شه‌ڕ، ده‌بێته مه‌ترسی بۆ سه‌ر ناوچه‌كه.
وه‌ستا ڕه‌سووڵ ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتی به"وشه"ـی ڕاگه‌یاند، هه‌ر له‌شكركێشییه‌ك یان هه‌ر پێكدادانێك له‌سه‌ر سنووره‌كان یان تۆپباران له‌لایه‌ن ئێران و توركیاوه، مه‌ترسین بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و دانیشتووانه‌كه‌ی به‌تایبه‌ت ناوچه سنوورییه‌كان، بۆیه پێم وایه ده‌بێت هه‌موو لایه‌ك هاوكار بن تا ڕووداوی نه‌خوازراو ڕوو نه‌دات.
هاتنی ئه‌و هێزه زۆره‌ی سوپای پاسداران بۆ سه‌ر سنووره‌كانی هه‌رێم له كاتێكدایه سزاكانی ئه‌مه‌ریكا بۆ سه‌ر ئێران ڕۆژ به ڕۆژ قورس‌تر ده‌بن.
عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن گوته‌بێژی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ركردایه‌تیی پارتی له سلێمانی، ئه‌وه ده‌خاته ڕوو كه هاتنی سوپای پاسداران بۆ سه‌ر سنووره‌كان به‌و ڕێژه زۆره كێشه بۆ سنووره‌كان دروست ده‌كات.
عه‌تا بۆ "وشه" گوتی "له ئه‌گه‌ری ڕووداوی نه‌خوازراو و پێكدادانی سه‌ربازیدا مه‌ترسی بۆ سه‌ر هه‌رێم دروست ده‌بێت و گوندنشینه‌كانیش ده‌بنه زیانمه‌ندی یه‌كه‌م".
وشه/ سلێمانی- هه‌ستی كه‌مال