"وشە" بەدواداچوون بۆ نەهاتنی مووچەی مانگانەی پێشمەرگە دەكات

:: AM:09:52:07/09/2019 ‌
سەرچاوەی كێشەكە وەزارەتی بەرگرییە نەك دارایی

بە پێچەوانەی ئەو دەنگۆیانەی وەزارەتی دارایی عێراق و وەزیرەكەی كە كوردە تۆمەتبار دەكەن بە نەناردنی بڕی مووچەی پێشمەرگە لە بودجەی عێراقدا، "وشە" لە بەدواداچوونێكدا ئەوە ئاشكرا دەكات، "سەرچاوەی كێشەكە وەزارەتی بەرگریی عێراقە نەك وەزارەتی دارایی".

لە یاسای بودجەی ساڵی 2019ی عێراقدا، جگە لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، هاوكات بڕی 68 ملیار دیناری مانگانە بۆ مووچەی پێشمەرگە لە بودجەی وەزارەتی بەرگریی عێراق جێگیر كراوە، ئەو بڕە پارەیە دەبوو لە سەرەتای ئەمساڵ بهاتایە هەرێم، بەڵام ماوەی هەشت مانگە نەهاتووە و بڕەكەی بووە بە زیاتر لە ٥٠٠ ملیار دینار.

لە ناو میدیا و تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی وا بڵاو كراوەتەوە كە سەرچاوەی نەهاتنی ئەو پارەیەی پێشمەرگە پێوەندی بە فوئاد حوسێن وەزیری دارایی عێراقەوە هەیە كە لە پشكی كوردە، بەڵام "وشە" لەم بەدواداچوونەدا سەرچاوەی سەرەكیی كێشەكە دەخاتە ڕوو، ئەوە روون دەبێتەوە كە كێشەكە تەكنیكییە و لە وەزارەتی بەرگرییە نەك وەزارەتی دارایی.

ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە"وشە"ی ڕاگەیاند كە چەسپاندنی بڕی ٦٨ ملیار دینار بۆ پێشمەرگە لە بودجەدا هەنگاوی یەكەم بوو، ئێستەیش بەردەوام ئێمە لە هەوڵداین ئەو پارەیە بۆ پێشمەرگە بێت و لێی سوودمەند ببن.

سەبری زیاتر گوتی، "هۆی نەناردنەكەی لە وەزارەتی بەرگرییەوەیە نەك وەزارەتی دارایی، چونكە ئێمە داوای ڕوونكردنەوەمان لە وەزارەتی بەرگری كردووە و ئەوانیش پێیان گوتووین كێشەی تەكنیكییان هەیە، لە دواجاردا بڕیاریان داوە بەمنزیكانە بڕیاری خەرجكردنەكە ئاراستەی وەزارەتی دارایی بكەن."

هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەك بەشێك لە هێزی بەرگریی عێراق لە دەستووردا ناسێنراوە و لە بودجەی ٢٠١٩دا مووچەی مانگانەیان بە بڕی ٦٨ ملیار دینار دیاری كراوە.

"فوئاد حوسێن وەزیری دارایی عێراق یەكێكە لەوانەی بەردەوام لەسەر خەتە بۆ تەواوكردنی ڕێكارەكانی ناردنی مووچەی پێشمەرگە تا خێرا بینێرێت و دابەش بكرێت، ئەگەر بڕیارەكە هەر لە دەستی ئەودا بووایە، دەمێك بوو جێبەجێی كردبوو". سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق وای گوت.

هەفتەی پێشوو شاندێكی وەزارەتی بەرگریی عێراق سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد و یەكێك لە تەوەرەكانیش باسكردنی پرسی ئەو ٦٨ ملیار دینارە بوو.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە"وشە"ی ڕاگەیاند، یەكێك لە پرسەكان لەگەڵ ئەو شاندە سەربازییەی وەزارەتی بەرگریی عێراق، پرسی ئەو مووچەیەی پێشمەرگەیە، بۆیە نەهاتنی ئەو مووچەیە تەنیا لە ئەستۆی وەزارەتی دارایی نییە.

ئاماژەی دا، "ئێمە هەموو پێویستییەكانمان بۆ وەزارەتی بەرگریی عێراق ناردووە، دوو نووسراویشمان بۆ وەزارەتی بەرگریی كردووە كە بۆچی پارەكە خەرج ناكەن، بەڵام وەڵامیان نەبووە."

بەپێی زانیارییەكانی بەردەست "وشە"، وەزارەتی بەرگریی عێراق كێشەی بۆ ناردنی ئەو پارەیەی پێشمەرگە دروست كردووە، چونكە دەیەوێ لەسەر پرسە ئاڵۆز و تەناهییەكانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بگەنە ڕێككەوتن، دوای ئەوە بڕیاری خەرجكردنی ئەو پارەیە بدات.

ئەحمەدی حاجی ڕەشید پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، خەرج نەكردنی پارەی مووچەی پێشمەرگە لە نێوان وەزارەتی دارایی، بەرگری و ئەنجوومەنی وەزیراندایە و تا ئێستە لە نێوان ئەو سێ وەزارەتەدا ماوەتەوە.

لەسەر هەمان پرس، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێم بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، "لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق قسەمان كردووە و ئەوانیش گوتوویانە وەزارەتی بەرگری پێی گوتوون كێشەیەكی تەكنیكییان هەیە و سەرقاڵی چارەسەركردنین.

مانگانە حكوومەتی هەرێم خۆی مووچەی پێشمەرگە دەدات و نەیهێشتووە بۆشایی لەو رووەوە دروست بێت، بەڵام ئەمەی بەغدا دەیكات بە نەناردنی بودجەی پێشمەرگە، سەرپێچی یاسای بودجەی 2019یە.

وشە/ سلێمانی- هەستی كەمال



وشە - وشه‌