بڕیاری گرتن بۆ ژمارەیەك وەبەرهێنەر دەردەچێت

:: AM:09:59:07/09/2019 ‌
دەستەی وەبەرهێنان پڕۆژە تەواونەكراوەكان دەداتە وەبەرهێنەری تر 


دوای هەڵدانەوەی دۆسیەی وەبەرهێنەرێك لە هەولێر كە نۆ دۆنم زەوی بەناوی وەبەرهێنان وەرگرتووە و مەتری بە یەك دۆلار لەسەر خۆی تاپۆ كردووە، كێشەكانی وەبەرهێنان و ئەو كەرتە زیاتر دەركەوتن، ئەوەیش وای لە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگا پێوەندیدارەكان كرد لەوبارەیەوە دەست بە بەدواداچوونی رژد بكەن. دەستەی وەبەرهێنان و دەستەی دەسپاكی دووپاتی دەكەنەوە كە بەدواداچوون لەوبارەیەوە دەكەن.

دوێنی سێشەم سێی ئەیلوول، كۆنفرانسێكی تایبەت لەنێوان ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و دەستەی وەبەرهێنان بە ئامادەبوونی پەرلەمانتاران و نوێنەری دەستەی دەسپاكی و ئەو كەسانەی كە بەهۆی پڕۆژەكانی وەبەرهێنانەوە زوڵمیان لێكراوە بەرێوەچوو. لەو كۆنفرانسەدا ڕاپۆرتێكی "وشە" وەك نموونە ئاماژەی پێ‌ كرا و وەك دۆسیەیەكی گرنگ هەژمار كرا.

لە ژمارەی ڕابردووی هەفتەنامەی "وشە" بەڵگە لەسەر وەبەرهێنەرێكی هەولێر ئاشكرا كرا كە نۆ دۆنم زەوی بەناوی وەبەرهێنان وەرگرتووە و دواتر تاپۆی كردووە لەسەر خۆی. هاوكات شوێنی 11 هەزار پڕۆژەی وەهمی نیشتەجێبوونیش ئاشكرا كرا. 
لەسەر ئەو دۆسیەیە دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت كە كێشە لە یاسای وەبەرهێنان هەیە و لە دوو خولی ڕابردووی پەرلەمان هەوڵی هەمواركردنەوەی دراوە، بەڵام بێ‌ ئەنجام بووە.

سامان عارەب بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی هەولێر، بۆ "وشە" ڕوونی كردەوە، مۆڵەتی 86 پڕۆژەی وەبەرهێنان دراوە، بەشێكیان كەموكوڕیی زۆریان تێدایە و بەو هۆیەوە 56 مۆڵەتی وەبەرهێنان هەڵوەشێنراونەتەوە.

ڕوونی كردەوە، بەدواداچوون لەسەر تەواوی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان دەكەن كە كەموكوڕی هەیە و هەر پڕۆژەیەكیش تەواو نەكرابێت، ئاگادارییان بڵاو كردووەتەوە كە وەبەرهێنەری تر بێن كارەكە تەواو بكەن.

عارەب دووپاتی كردەوە كە چەند وەبەرهێنەرێك بڕیاری گرتنیان بۆ دەرچووە و زانیاری هەیە لە شارەكانی خوارووی عێراق بن، بۆیە لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكان بەردەوامن لە هەوڵی گرتنیان.

لای خۆیەوە دەستەی دەسپاكی بەدوای وەرگرتنی زانیارییەوەیە لەسەر كەرتی وەبەرهێنان، تا بەتەواوی كەمتەرخەمی و بوونی گەندەڵی لەو كەرتە رووبەڕووی سزای یاسایی بكاتەوە.

دارەوان نوورەدین نوێنەری دەستەی دەسپاكی كە بەشداری لە گفتوگۆیەكی كراوە لەبارەی كەرتی وەربەرهێنان كرد لە هەولێر كە دوێنێ سێشەم بەڕێوە چوو، بە"وشە"ی ڕاگەیاند "لە 2014 تا ئێستە هەشت داوای هەواڵدەریمان پێوەندیدار لەبارەی وەبەرهێنان هەیە، بەڵام تا ئێستە نەچوونەتە بەردەستی داواكاری گشتیی، هەروەها 11 داوای سزایی ئەو دۆسیانە دەگرێتەوە كە یەكلا بوونەتەوە".

نوێنەرەكەی دەستەی دەسپاكی هەرێم ئاماژە بەوە دەكات كە زۆر لەو كەسانەی گەندەڵییان لە پڕۆژەكان ئەنجام داوە، وەبەرهێنەری گەورە بوون، بەڵام ئەگەر نەتوانرێ دۆسیەكە یەكلا بكرێتەوە، ئەوا ئێمە ناتوانین ناوی كەسەكان ئاشكرا بكەین.

لای خۆیەوە مەلا یاسین مەحموود گوتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان، بۆ "وشە" گوتی، بەداخەوە وەبەرهێنەر هەبووە خیانەتی لە پیشەكەی كردووە و لە هەموو شارەكان ئەو حاڵەتە هەیە، هەندێكیان بەپێی پێوەرەكانی دەستە نەبوون بە وەبەرهێنەر، چاونەترسانە حكوومەتیان شەرمەزار كردووە.

مەلا یاسین زیاتر گوتی، هیوادارین ئەم كابینەیەی حكوومەت هەموو ئەو كەسانەی لە دەرەوە ژیان دەكەن و مافی خەڵكیان خواردووە، دادگایی بكات.



وشە - زریان تەها