نەوت بەرزترین نرخی لە ماوەی 40 رۆژی رابردوو تۆمار كرد

:: AM:10:05:07/09/2019 ‌

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا رووی لە بەرزبوونەوە كرد و بۆ بەرزترین ئاستی لە ماوەی 40 رۆژی رابردوو هەڵكشا. 

لە سێشەمی هەفتەی رابردووەوە نرخی نەوت رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و ئەم بەرزبوونەوەیەش تا كۆتایی هەفتەكە بەردەوام بوو. سێشەمی رابردوو نرخی هەر بەرمیلێك لە نەوتی برێنت بریتی بوو لە 57 دۆلار و 30 سەنت، بەڵام شەوی رابردوو بە 61 دۆلار و 66 سەنت داخرا.

بەگوێرەی dailyfx نرخی نەوتی تەكساسی ئەمەریكیش لە 53 دۆلارەوە بەرەو 56 دۆلار و 60 سەنت هەڵكشاوە. ئەم بەرزبوونەوەیەش لە كاتێكدایە ئاماری بەرزی نەوتی كۆگاكراوی ئەمەریكا لە چەند رۆژی رابردوو تا ئاستێك نرخی نەوتی كەم كردبووەوە.

یەكێك لە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ ئەگەری دابەزاندنی رێژەی سوودی بانكی دەگەڕێتەوە كە لەوانەیە بانكی ئەمەریكا بیهاوێژێت.

پێشتریش نرخی نەوت بە هۆی بڵاوبوونەوەی ئامارەكانی چین كە باس لە گەشەی كەرتی خزمەتگوزاری و رەخساندنی هەلی كار دەكات هەڵكشابوو.



وشە - سلێمان تاشان