به‌هۆی ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌رییه‌ك بو ریخۆڵه كوێره‌ی گه‌نجێكی شاری دهۆك، ماوه‌ی هه‌شت رۆژه گه‌نجه‌كه له هۆش خۆی چووه و تووشی جه‌ڵته‌ی مێشكیش بووه.
"دهكۆ به‌رواری" ئامۆزای گه‌نجه له هوشخۆچووهكه به "وشه"ی گوت: رۆژی چوارشه‌می رابردوو، ئامۆزاكه‌م به‌ناوی "بزاڤ نه‌وزاد" پێی گوتم كه كه‌مه‌ری ده‌یه‌شێ، به په‌له گه‌یاندمانه نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی دهۆك و پزیشك پێی گوتین كه ڕیخۆڵه كوێرهیهتی و ده‌بێ نه‌شته‌رگه‌ری بۆ ئه‌نجام بدرێت، ئه‌و رۆژه دكتۆره‌كان نه‌شته‌رگه‌رییان بۆ ئه‌نجام دا، به‌ڵام دوای دوو سه‌عات ئامۆزاكه‌م به‌هۆش خۆی نه‌هاته‌وه.
زیاتر گوتی: دوای ئه‌وه پزیشكه‌كانمان ئاگه‌دار كرده‌وه و سه‌رسوڕمانی خۆمام پێ گوتن كه چۆن ده‌بێ ئه‌وه‌نده‌ی پێ بچێ، گوتیان تووشی جه‌ڵته‌ی مێشك بووه، له‌به‌ر ئه‌وه به په‌له له نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی دهۆكه‌وه بۆ نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ئه‌هلیمان گواسته‌وه تا له‌وێ نه‌شته‌رگه‌رییه‌كی جه‌ڵته‌ی مێشكی بۆ ئه‌نجام بده‌ین، به‌ڵام هێشتا هه‌ر به‌هۆش خۆی نه‌هاتووته‌وه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، ئێسته ئه‌وان ده‌یانه‌وێ ئامۆزاكه‌یان ببه‌ن بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ چاره‌سه‌ری.
دهكۆ به‌رواری نه‌یشارده‌وه كه ئه‌وه‌ی به‌لای ئه‌وانه‌وه جێگه‌ی داخه، تا ئێسته ئه‌و پزیشكه داوای لێبوردنی له هه‌ڵه‌ی خۆی نه‌كردووه و ده‌ڵێ: "بێگومان دواتر هه‌ڵویستمان ده‌بێت، به‌ڵام جارێ ئه‌وه‌ی گرنگه بۆ ئێمه رزگاركردنی ژیانی "بزاڤ"ه له مردن".
به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه"، هه‌ریه‌كه له پارێزگاری دهۆك و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاری دهۆك ره‌زامه‌ندی خۆیان ده‌ربڕیوه بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌وانه‌ی توركیای بكه‌ن.
دكتۆر عه‌بدوڵا عومه‌ر به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی دهۆك به "وشه"ی گوت: تا ئێسته روون نییه كه جه‌ڵته‌ی مێشك بۆ ئه‌و گه‌نجه، به‌هۆی هه‌ڵه‌ی پزیشك و نه‌خۆشخانه‌كه‌مان بووه یاخود به‌هۆی خودی گه‌نجه‌كه‌وه بووه، چونكه هه‌ندێ جار به‌هۆی سروشتی مرۆڤ و جگه‌ره‌وه، نه‌خۆشه‌كه دوای ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌ری له هۆش خۆی نایه‌ته‌وه و هه‌ندێ جار بۆڕییه‌كانی نه‌شته‌رگه‌ری هۆكارن، له‌به‌ر ئه‌وه ئێسته له‌گه‌ڵ لایه‌نی پێوه‌ندیدار، لیژنه‌یه‌كی به په‌له‌مان پێك هێناوه، سه‌ره‌تا بۆ رزگاركردنی ئه‌و گه‌نجه، دواتر بۆ لێكۆڵینه‌وه له چۆنیه‌تیی دروستبوونی ئه‌و رووداوه.
له‌لایه‌كی تره‌وه دكتۆر "شیرین حوسنی" ئه‌ندامی لیژنه‌ی ته‌ندروستی له په‌رله‌مانی كوردستان به "وشه"ی گوت: له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستی دهۆك، لیژنه‌یه‌ك بو چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گه‌نجه و چۆنیه‌تیی رووداوه‌كه پێك هێنراوه، ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وان له‌سه‌ر خه‌ت ده‌بین، بۆیه نابێت ئه‌و رووداوه به رووداوێكی رۆتینی هه‌ژمار بكرێت و ون بكرێت، چۆن ده‌بێت به‌هۆی ڕیخۆڵه كوێره‌وه ئه‌و رووداوه دروست بووبێت؟
بزاڤ نه‌وزاد ته‌مه‌نی 27 ساڵه و قوتابیی زانكۆی دهۆكه و دووكانێكی هه‌یه و خه‌ریكی فرۆشتنی كه‌لوپه‌له بۆ په‌یداكردنی بژێوی ژیان.
دهوك/ نه‌وزاد هلۆری