دوو رۆژە گەنجێكی هەولێر لە گەلی شێرانە ون بووە

:: PM:12:23:07/09/2019 ‌
دوای ئەوەی دوو رۆژی رابردوو پێنج گەنج لە هەولێرەوە بۆ سەیران سەردانی گەلی شێرانەی سەر بە شارۆكەی ئامێدی دەكەن، یەكێك لەو گەنجانە دیار نامێنێت و تا ئێستە چارەنووسی نادیارە.

ئەمڕۆ شەموو حەوتی ئەیلوول، زوهێر رێكانی هاوڕێی گەشتیارە ونبووەكە بە "وشە" راگەیاند، دوو رۆژ لەمەوبەر پێنج گەشتیاری هەولێر كە هاوڕێی ئەون، بۆ سەیران سەردانی گەلی شێرانەی سەر بە ئامێدییان كردووە و یەكێك لەو گەنجانە چارەنووسی نادیارە.

زیاتر روونی دەكاتەوە، گەنجەكە ناوی عیماد عوسمانە و تەمەنی 22 ساڵە و خەڵكی شاری هەولێرە، بەهۆی شارەزانەبوونیان لە ناوچەكە كە لە هاوڕێكانی دوور دەكەوێتەوە، ون دەبێت و تا ئێستە نادیارە.

"پۆلیس و بەرگری شارستانی و خەڵكی ناوچەكە لەگەڵ كەسوكاری خەریكی بەدواداچوون و دوزینەوەی ئەو گەنجەن، بەڵام لەبەر ئەوەی گەلی شێرانە زۆر گەورە و بەرفراوانە، دۆزینەوەی ئاسان نابێت". رێكانی وای گۆت.

گەلی شێرانە دەكەوێتە باكوری شارەدێی دێرەلووك، درێژیی نزیكەی 20 كیلۆمەترە، دیمەنە دڵڕفێنەكانی وای كردووە بەردەوام گەشتیاران لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان رووی تێبكەن.

ئامێدی/ نەوزاد هلۆری


وشە - هیدایه‌ت جان