كۆمەڵی ئیسلامی دەیەوێ سزای "العین و بالعین السن بالسن" لە كوردستان جێبەجێ بكرێت

:: PM:01:42:07/09/2019 ‌

مافی مرۆڤ: كوردستان بووەتە بەشێك لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نابێ لەسێدارەدان جێبەجێ بكات


بەهۆی ئەوەی رێژەی كوشتن و تاوان لە هەرێمی كوردستان زۆر بووە، هەندێك سەركردەی كۆمەڵ داوای گەڕانەوەی سزای لە سێدارەدان دەكەن كە لە هەرێمی كوردستان راگیراوە و كاری پێ ناكرێت.

 عەبدولستار مەجید سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لەكاتی قسەكردنی لە دەستپێكی وەرزی نوێی یاسادان لە پەرلەمانی كوردستان، ئەم پرسەی ورووژاند و داوای كرد سزای لەسێدارەدان بۆ تاوانە گەورەكان لەمەودوا كاری پێ بكرێت.

بەڵام محەمەد گۆمەشینی گوتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤ، بە"وشە"ی راگەیاند، هەرێمی كوردستان بەشێكە لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بەڵگەیش ئەوەیە لە شەڕی داعش هاوبەشی سەرەكی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوو، بۆیە هەرێمی كوردستان قۆناغێك چووەتە پێش.

گوتەبێژەكە پێی وایە، ئەگەر هەرێمی كوردستان مەبەستیەتی هاوتەریب بێت لەگەڵ دنیای دەرەوە لە رووی مافی مرۆڤ، نابێ لە سێدارەدان جێبەجێ بكات. كاتێك دەبینین یاسای لەسێداردان لە عێراق جێبەجێ دەكرێت و لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ ناكرێت، نیازپاكی هەرێم پێشان دەدات لە پابەندبوون بەرانبەر بەند و مادەكانی مافی مرۆڤ.

" تاوانی تیرۆر و ژنكوشتن و چەندان تاوانی تر، جیاكردنەوەیان لە تاوانێكی تر ئاسان نییە، بۆیە پێویستە ئەگەر یاساكە هەموار بكرێتەوە و رەچاوی بەندەكانی مافی مرۆڤ بكرێت" گۆمەشینی وای گوت.

لای خۆیانەوە یاساناسان لەبارەی سزای لەسێدارەدان بۆچوونی جیاواز دەخەنەڕوو و پێیان وایە، جێبەجێكردنی ئەم سزایە لە هەرێمی كوردستان، كاریگەری خراپ لەسەر ناوبانگی كوردستان دروست دەكات. 

كرمانج عوسمان راوێژكاری یاسایی، بۆ "وشە" گوتی، لەسێدارەدان لە هەرێمی كوردستان هەیە، بەڵام جێبەجێ ناكرێت، بە بڕیارێك راگیراوە. هەروەها كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەو وڵاتانەی رێز لە مافی مرۆڤ دەگرن، دڵیان بەوە خۆشە لە كوردستان ئەو یاسایە جێبەجێ ناكرێت.

ئەو جێگرەوەی یاسایی لەسێدارەدان دەخاتە ڕوو و دەڵێت، "ئەگەر ئێمە ئەو یاسایە بە یەكجاری هەڵبوەشێنینەوە، ئەوا پێویستە گرتووخانەكان یان ناوەندی چاكسازییەكان بەشێوەیەكی مۆدێرن كارەكان بكەن، نەك ئەوەی ئەو كەسەی بەند كراوە دوای ئازادبوونی هەمان كەسی پێشوو بێت."

وەك راوێژكارە یاساییەكە زیاتر خستیەڕوو، لایەنە ئیسلامییەكان حەز دەكەن ئەو سزایە جێبەجێ بكرێت كە بەپێی دەقێكی ئاینیی دەگوترێت "العین و بالعین السن بالسن"، بەڵام لە بەرانبەردا ئەو كەسانەی مۆدێرنن و مافەكانی مرۆڤ ڕەچاو دەكەن، پێیان باشە ئەو سزایە نەمێنت.
لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 169ی ساڵی 1969، سزای لەسێدارەدان هەیە و جێبەجێ دەكرێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 10 ساڵە یاساكە جێبەجێ ناكرێت و سەرۆك بارزانی كاركردن بەو یاسایەی راگرت، ئەوەش لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پێشوازی لێ كرا.
 



وشە - زریان تەها