له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تیی فه‌یسبووك، په‌یجێك به ناوی كازم ساهیر گۆرانیبێژی عێراقییه و واده‌ی پاره به هاووڵاتییان ده‌دا، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی ئه‌و گۆرانیبێژه ڕه‌تی ده‌كاته‌وه.
ڕۆژانه ئه‌و بابه‌تانه‌ی به‌هۆی سپۆنسه‌ره‌وه دێنه به‌رچاوی به‌كارهێنه‌رانی فه‌یسبووك، له ژماره به‌ده‌رن و چه‌ندان جۆرن، ئه‌گه‌رچی زۆربه‌یان هه‌واڵی ده‌زگه میدیایی و پڕوپاگه‌نده‌ی بازرگانین، به‌شێكیشی تێدایه كه ساخته‌ن و بۆ ڕووتكردنه‌وه‌ی خه‌ڵك دانراون.
یه‌كێك له‌و په‌یجانه به‌ناوی "كازم ساهیر" گۆرانیبێژی ناسراوی عێراقی، له ئۆفه‌رێكی ناوازه‌دا ئاماژه به‌وه ده‌كات، بڕی 500 دۆلار ده‌درێ به هه‌ر عێراقییه‌ك كه لایكی په‌یجه‌كه‌یانی كردبێت كه ده‌كاته مووچه‌ی مامناوه‌ندی فه‌رمانبه‌رانی عێراق و به‌شێوه‌یه‌ك داڕێژراوه كه ڕه‌نگه زۆر كه‌س تێ بكه‌ویت.
له سپۆنسه‌ره‌كه‌دا هاتووه: ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕێكلامه گه‌یشته لای تۆ، كه‌واته به‌خت یاوه‌رت بووه، كازم ساهیر به هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ فه‌یسبووك، ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ت به دیاری پێ ده‌به‌خشێ.
بۆ به‌دواداچوون، "وشه" پێوه‌ندی به به‌ڕێوه‌به‌ری كاره‌كانی كازم ساهیر كرد و به ته‌واوی ڕه‌تی كرده‌وه كه له‌وانه‌وه شتێكی له‌و جۆره كرابێت و گوتی: په‌یجه‌كه ساخته‌یه و داواشمان له فه‌یسبووك كردووه بیسڕێته‌وه، به‌ڵام هێشتا وه‌ڵام نه‌دراوینه‌ته‌وه.
زرغام عوێناتی كه سه‌رپه‌رشتیی په‌یجه فه‌رمییه‌كه‌ی كازم ده‌كات، زیاتر گوتی: جگه له عێراق، له زۆر وڵاتی تر به‌ناوی قه‌یسه‌ره‌وه هه‌وڵی فێڵكردن له خه‌ڵك دراوه.
كازم ساهیر پێش ماوه‌یه‌كیش تۆمه‌تی ئه‌وه‌ی خرابووه پاڵ كه لایه‌نگیریی لایه‌نێكی سیاسیی عێراق ده‌كات و به چه‌ندان ملیۆن دۆلاریشی بۆ كۆ كردوونه‌ته‌وه، له لاپه‌ڕه‌ی فه‌رمیی خۆی ئه‌و ده‌نگۆیه‌ی ڕه‌ت كرده‌وه و ڕای گه‌یاند كه ئه‌و هه‌رگیز له ته‌مه‌نیدا لایه‌نگیری نه‌كردووه و بێزاره له‌و جۆره ده‌نگۆیانه‌ی ده‌خرێنه پاڵی.