حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێ كێشەكانی لەگەڵ حكوومەتی ناوەند بەتەواوی چارەسەر بكات، ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەران رای دەگەیەنێت، كۆبوونەوەی ئەمڕۆ بۆ شێوازی رێككەوتن لەگەڵ ناوەند و روونكردنەوەی كارنامەی حكوومەتی هەرێمە بۆ فراكسیۆنە كوردستانییەكان.
ئەمڕۆ یەكشەم هەشتی ئەیلوول، ناسر هەركی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، كۆبوونەوەی سەرۆكی حكوومەت و فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ ئەوەیە بەرنامەی چوار ساڵی داهاتوو روون بكرێتەوە.
زیاتر روونی دەکاتەوە، بەشێکی تری کۆبوونەوەکە پێوەستە بە باسكردنی کێشە هەڵپەسێراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و هەروەها چۆنیەتیی چارەسەركردنی بودجە و مووچە و نەوت.
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەران دووپاتی دەكاتەوە، هەرێمی كوردستان ستەمی گەورەی لێ كراوە بە بڕینی بەشە بودجە، ئێستە حكوومەت دەیەوێت لە ڕێی لیژنەكانەوە چارەسەری تەواو بدۆزێتەوە. هەروەها گوێ لە بۆچوونی فراكسیۆنەكان بگرێت بۆ شێوازی كاركردن لەگەڵ حكوومەتی ناوەند.
لەدوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوە یەکەم کۆبوونەوەی نێوان سەرۆک وەزیران و فراکسیۆنە کوردستانییەکانە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.