پاریزەران یاداشتێک دەدەنە وەزیری داد

:: AM:11:16:08/09/2019 ‌
یاداشتێك ئاراستەی وەزارەتی داد دەكرێت بۆ ئەوەی نرخی بریكارنامە و عەریزە بۆ سێ هەزار دینار كەم بكرێتەوە، پارێزەرێكیش رای دەگەیەنێت، لە پێناو هەستكردن بە بەرپرسیاری ئەو كارە دەكەین.

ئەمڕۆ یەكشەم هەشتی ئەیلوول، ئاسۆ هاشم پارێزەری راوێژكار و رێكخەری كەمپنێك بۆ هەرزانكردنی نرخی بریكارنامە و عەریزەنووسەكان بۆ "وشە" گوتی، ئێمە  كۆمەڵێك پارێزەر و چالاكی مەدەنی یاداشتێك ئاراستەی وەزارەتی دادی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ ئەوەی نرخەكان كەم بكرێتەوە بۆ نرخی پێشتری خۆی.

زیاتر روونی دەكاتەوە، دەبوایە ئەگەر پڕۆژەی بە ئەلیکترۆنیکردنی عەریزە بەرز دەکرایەوە درابا بە تەندەرات و چەند کۆمپانیایەک تەندەریان پێشکەش کردبا بۆ ئەوەی لە کێبەرکێدا بە هەرزانترین نرخ لە سوودی هاووڵاتیان درابا بە یەک لە کۆمپانیاکان.

ئاسۆ هاشم دووپاتی دەکاتەوە، ئێمە لە هەستكردن بە بەرپرسیاریەتی ئەو هەڵوێستەمان راگەیاندووە بۆ ئەوەی بارگرانی نەكەوێتە سەر خەڵكی هەژار و داوامان ئەوەیە نرخەكان بگەڕێتەوە بۆ نرخی پێشوو كە سێ هەزارە دینارە.

لەماوەی ڕابردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە ئەلیكترۆنی كردنی عەریزە و بریكارنامە كە نرخەكەی بۆ 25 هەزار دینار بەرز كرایەوە، دواتر كەم كرایەوە بۆ 15 هەزار دینار.


وشە - زریان تەها