وەزیری نەوتی عێراق: گفتوگۆی رژدمان لەگەڵ هەولێر لەبارەی نەوتەوە هەیە

:: PM:05:25:08/09/2019 ‌

سامر غەزبان جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری نەوت و وزە وەزیری نەوت دووپاتی كردەوە كە گفتوگۆیەكی رژد و پێشكەوتوو لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە لە بواری رێكخستنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردنی نەوت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ.

وەك لە بەیاننامەیەكی نووسینگەی هاتووە، غەزبان بەر لە جێهێشتنی عێراق بۆ بەشداریكردن لە كۆنگرە و كۆڕبەندی جیهانی وزە و ئەنجوومەنی ویزاری رێكخراوی ئۆپێك و هاوپەیمانەكانی، رای گەیاند كە عێراق پابەندە بە رێككەوتنی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت و لە رۆژانی داهاتوو جێبەجێی دەكات و لە ماوەی رابردوویش بەهۆی پێویستی بە سووتەمەنی نەیتوانی پێوەی پابەند بێت.

وەزیری نەوتی عێراق دەچێتە ئیمارات بۆ بەشداریكردنی لە كۆبوونەوەی لیژنەی ویزاری ئۆپێك بۆ چاودێریكردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە كۆتای ئەم هەفتەیە، ئەو سەرۆكایەتی شاندی عێراق دەكات و بەشداری لە چەند چالاكییەكی تر دەكەن لەوانە كۆنگرەی جیهانی وزە و كۆڕبەندی جیهانی وزە. 

غەزبان دووپاتی كردەوە كە گفتوگۆیەكی رژد لە نێوان بەغدا و هەولێر هەیە كە گەیشتووەتە قۆناغی پێشكەوتوو لەبارەی رێكخستنی بەرهەمهێنان و هەناردنی نەوتەوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ و هیوادارین بگەین بە سیاسەت و پلانی یەكگرتوو كە كۆمپانیای سۆمۆ رۆڵی گەورەتری هەبێت لە پرۆسەی هەناردنی نەوت و ببێتە مایەی زیادبوونی داهاتی نەوتی عێراق.

هەفتەی رابردوو محەمەد شاكر پەرلەمانتاری كورد لە بەغدا بۆ "وشە" روونی كردەوە، لە سەردانی دوایی وەزیرانی دارایی و نەوتی عێراق بۆ هەرێم، كۆمەڵێك راسپاردە دەركرا باسی نەوت و بودجەی هەرێم كرا و یەكێك لە راسپاردەكان ئەوەبوو یاسای نەوت و گاز دەربكرێت بۆ ئەوەی هەموو شتەكان یەكلا ببێتەوە.

زیاتر گوتی، هەرێمی كوردستان دەڵێت من مافی هەناردنی نەوتم هەیە، چونكە یاساكە رێی بەوە داوە و دەڵێت هەردوو حكوومەت واتە فیدراڵی و هەرێم، بۆیە پێمان باشە ئەو یاسایە دەربكرێت، چونكە دەستوورییە و مافی هەرێمیش دەپارێزێت، بەڵام حكوومەتی فیدراڵ بە مەركەزیی مامەڵە دەكات و حەز ناكات هەرێم و پارێزگاكان مافی بڕیاردانیان هەبێت، بۆیە دەركردنی یاسای نەوت و گاز هەموو ئەو شتانە یەكلا دەكاتەوە، بەڵام ئەوان تا چەند رژدن دیار نییە.

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، ئەگەر یاساكە هەبێت هەرێمی كوردستان مافی دەبێت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵ نەوت هەناردە بكات، واتە هەردوولا بەیەكەوە كە لە مادەی 112 دەڵێت بەیەكەوە و ئەگەر یاسای نەوت گازیش دەربكرێت، دەبێ تەواو لەگەڵ دەستوور كۆك بێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل

ئه‌م بابه‌ته 172 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌