وه‌زیرى شاره‌وانى و گه‌شوگوزارى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، روونكردنه‌وه له‌باره‌ى وه‌رگرتنى پاره‌ى فڕێدانى خۆڵ و خاشاك ده‌دات و ده‌ڵێ، وه‌رگرتنی كرێی فڕێدانی خۆڵ و خاشاك له هاووڵاتییان نابێت مانگانه له سێ هه‌زار كه‌متر بێت.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م له پارێزگاى هه‌ولێر نه‌ورۆز مه‌ولوود وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوزارى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى ئه‌نجام دا و راى گه‌یاند، وه‌رگرتنی كرێی فڕێدانی خۆڵ و خاشك له هاووڵاتییان، نابێت مانگانه له سێ هه‌زار كه‌متر بێت و له پێنج هه‌زاریش زیاتر بێت، دیاریكردنی بڕه‌كه‌ش به‌پێی بار و گوزه‌رانی هاووڵاتییان و گه‌ڕه‌كه‌كان دیاری ده‌كرێت.
وه‌زیرى شاره‌وانى و گه‌شوگوزارى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان زیاتى گوتى، وه‌رگرتنى ئه‌و پاره‌یه ته‌نیا فه‌رمانبه‌ران ناگرێته‌وه، به‌ڵكو سه‌رجه‌م هاووڵاتییان ده‌بێت پابه‌ندى ئه‌و بڕیاره ببن و له ماوه‌ى دوو تا سێ مانگى تر بڕیاره‌كه به‌ته‌واوى جێبه‌جێ ده‌كرێت.
له‌باره‌ى هۆكارى ده‌رچوونى ئه‌و بڕیاره نه‌ورۆز مه‌ولوود ئاماژه‌ى دا، حكوومه‌تی هه‌رێم ١٤٠ ملیار دینار ده‌داته كۆمپانیاكانی خاوێنكردنه‌وه له سالێكدا و به‌هۆى ته‌نگژه‌ى داراییشه‌وه دابینكردنى ئه‌و پاره‌یه بۆ كۆمپانیاكان قورس‌تر بووه، ئه‌م بڕیاره ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌م خزمه‌تگوزارییانه نه‌وه‌ستن و پاككردنه‌وه‌ى شار به‌رده‌وام بێت.
له به‌شێكى تر‌ى كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا ئه‌و وه‌زیره‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان تیشكى خسته سه‌ر دابه‌شكردنى زه‌وى و راى گه‌یاند، له ماوه‌ی دوو مانگدا سه‌رجه‌م داتا و زانیارییه‌كانیان كۆ كردووه‌ته‌وه و ئاراسته‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران كراوه و چاوه‌ڕوانى بڕیارى حكوومه‌تین.
نه‌ورۆز مه‌ولوود زیاتر گوتى، زه‌وى بۆ پێشمه‌رگه دابین ده‌كرێت و پێشنیار له‌وباره‌یه‌وه دراوه‌ته ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران كه به‌بێ مه‌رج زه‌وى بدرێت به‌و پێشمه‌گانه‌ى كه پێشتر سوودمه‌ند نه‌بوون و ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران له‌وباره‌یه‌وه خه‌ریكى لێكۆڵینه‌وه‌ن و دواتر بڕیارى له‌سه‌ر ده‌درێت.