ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی نرخی خوێندن لە سیستەمی پارالێل هەرزان بكرێت و هاوشێوەی زانكۆ ئەهلییەكان نەبێت.
ئەمڕۆ یەكشەم هەشتی ئەیلوول، حەسیبە گەردی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لە پەرلەمانی كوردستان داوامان كردووە سیستەمی "پارالێل" لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان ڕێكبخرێتەوە بۆ ئەوەی ئەوانەی ئارەزووی خوێندن دەكەنەوە بتوانن بەردەوام بن.
زیاتر گوتی، ناكرێت بە هۆی بەرزی نرخی خوێند لە زانكۆ و پەیمانگای حكوومی قوتابی و فێرخواز نەتوانێت بەردەوامی بەخوێندن بدات. هەروەها ئێمە لە لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان پێشنیارمان كردووە بۆ ئەوەی ئەو زانكۆیانەی سیستەمی پاڕالێلیان هەیە كرێی خوێندن دابەزێنن نەك هاوشێوەی زانكۆ و پەیمانگا ئەهلییەكان بێت.
ئەو لە كاتێكدایە وەرزی خوێندن هێشتا دەستی پێ نەكردووە و كەمپینێك بە ناوی (بەڵێ بۆ پێداچوونە بە سیستەمی پاڕالێل) راگەیەنراوە كە مەبەستیان كەمكردنەوەی نرخی خوێندنە.
سیستەمی پاڕالێل لە هەرێمی كوردستان ماوەی چەند ساڵێكە جێبەجێ دەكرێ، سیستەمەكە بەرانبەر وەرگرتنی بڕێك پارە مەرجی تەمەن و نمرەی لاداوە و دەتوانی لە هەربەشێك بێت بخوێنی.